ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، دوێنێ 614 دیل لە هەردوو لا ئازادکرا، بەپێی رێککەوتنی هەفتەی رابردووی ئیستەنبول بڕیارە ئەمڕۆش ژمارەیەک دیلی دیکە ئازاد بەکرێن و پرۆسەکە بەردەوام بێت تاوەکو هەر لایەکیان هەزار دیل ئازاد دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا و سەرۆکی ئۆکراینا ڕایانگەیاند، پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان دەبن و هەر ئەمرۆش ژمارەیەکی دیکە دیل ئازاد دەکرێن.
هەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا 307 دیلیان ئازاد کرد و ناردیانەوە وڵاتی خۆیان و ئەم ئاڵوگۆڕە سەربازییە بە گەورەترین رێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت دوای سێ ساڵ شەرکردنی بەردەوام.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بەم رێککەوتنە پێشانداوە و پییوایە لە ماوەی سێ رۆژدا 2000 دیل ئازاد دەکرێن و ئەمە بە بەرەوپێشچوونێکی باش دەبینێت بۆ راگەیاندنی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویکردووەتەوە؛ ''ئەمرۆ ژمارەیەک دیلی کە لەگەڵ ئۆکراینا ئاڵوگۆردەکەین" بەڵام لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە ژمارەی ئەو دیلانە نەکردووە کە بڕیارە ئازادیان بکەن.
دوێنێ شەممە، ڤولۆدیمێر زیلینسکی لە تیلیگرام بڵاوی کردەوە؛ "سبەی چاوەڕوانی زیاترین" ئامانجمان گەڕانەوەی زۆرترین دیلە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ژمارەیەک ئافرەتانی ئۆکراینا وێنەی هاوسەرەکانیان بڵاوکردووەتەوە و داوای ئازاکردنیان دەکەن و دەڵێن بێسەروشوێنن.
لە یەکەم قۆناخی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا 780 دیل ئاڵوگۆڕکران و لە ناویاندا 120 هاووڵاتیی مەدەنی هەبوون.
لە قۆناغی دووەم 614 دیل ئازادکراون و چاوەڕوان دەکرێت ئەمرۆش ژمارەیەک دیلی دیکە رەوانەی وڵاتی خۆیان بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.