ئەمرۆ چوارشەممە 2025.5.21، لە چوارچێوەى سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان، بەمەبەستی پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای کوردستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە سێ بواری ئابووری، کولتووری - کۆمەڵایەتی، زانستی - تەکنەلۆژی و بە مەبەستی بەکارهێنان و سوودەرگرتنی باشتر لە تواناکان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و قازانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە واژووکزد و لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتن:-
مادەی یەکەم: تەوەری ئابووری: گەشەپێدانی هاوکاریی سنووریی و پەرەپێدانی بنیاتنەرانەی ژێرخانەکان
١ - ١ ئاسانکاریی بازرگانی و گومرگی:
* پێکهێنانی لێژنەی ژوورەکانی بازرگانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی یاسایی و ناکۆکیی لە ڕێککەوتنەکانی نێوان بازرگانان و چالاکانی ئابووری دوولایەن.
*هاوکاریی لایەنی پێوەندیداری گومرگی و هێزی سنوورەڤانی بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و ئاسانکاریی بازرگانیی یاسایی و نەهێشتنی کێشەکان لە ئیقامەی هاوڵاتیان.
* زەمینەسازی هەلومەرج بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کاڵای هەناردەکراو و ئەوانەی کە ئەولەویەتی ماوەبەسەرچوونیان هەیە و خێرا خراپ دەبن و بەرهەمی کشتوکاڵی لە ڕێگای سیستەمی گواستنەوەی دوولایەن یان لە ڕێگەی کۆمپانیای هاوبەشی نێودەوڵەتی گواستنەوە.
* خۆبەدوورگرتن لە بڕیاری لەناکاو و بێ پلانی سنووردارکردن لە گواستنەوەی کاڵا و ئاگادارکردنەوەی دەسبەجێی لە ڕێگای سکرتاریەتی هاوبەشەوە.
١ - ٢ سەرمایەگوزاریی هاوبەش:
* هاندان و ڕاکێشانی سەرمایەدارانی بەتوانا و شایستە بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش.
* ئەنجامدانی کۆنفرانسی هەلی سەرمایەگوزاریی هاوبەش.
١ - ٣ ژێرخانەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری:
* ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری و هاوکاری لە پڕۆژەکانی بیناسازی، پەرەپێدانی ژێرخانی و پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوە.
١ - ٤ ئابووری تەندروستی
* پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی پسپۆڕی (تخصصی) و پسپۆڕیی ورد (فوق تخصصی) بە نەخۆشەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەنتەرە پزیشکییەکانی پارێزگای کوردستان (نەشتەرگەریی پسپۆڕیی ورد، ژنان و منداڵبوون، شێرپەنجە، جوانکاری و پزیشکی ددان و …)
* برەودان و بەهێزکردنی گەشتیاریی تەندروستی، گەشەپێدانی ئێکۆتوریسمی تەندروستی و ڕێکخستنی بازاڕی نافەرمیی گەشتیاریی تەندروستی لەپێناو پاراستنی مافی ئەوانەی خزمەتی پزیشکی وەردەگرن
مادەی ٢: تەوەری کولتووری - کۆمەڵایەتی - ژینگەیی: بەهێزکردنی شوناسی هاوبەش و هاوکارییە کولتوورییەکان
٢-١ میراتی ڕۆشنبیری و گەشتیاری:
* ئەنجامدانی بۆنە هاوبەشەکان لەوانە فێستیڤاڵ، گەشتی ئاشنابوون بە گەشتیاری، کۆنفرانس و پێشانگای تایبەتمەند لە بواری گەشتیاری و کاری دەستی.
* زەمینەسازیی بۆ بەرفراوان کردنی هاوکاریی کۆمپانیای گەشتیاری بە مەبەستی پەرەپێدانی گەشتیاری و جێبەجێکردنی گەشتە هاوبەشەکان.
* پلاندانان بۆ گەشتی هۆشیاری و بەبازاڕکردن بۆ کۆمپانیا و چالاکوانانی بواری گەشتیاری تەندروستی بۆ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانەی مۆڵەتیان هەیە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نێودەوڵەتی (IPD) هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان (ئیکۆتۆریسم) لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەشتیاری تەندروستی.
* ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران لە ڕێگەی سنووری و مۆڵەتی ئاسانکراو.
* بوژانەوەی ڕێگای زیارەتی و مێژووییە هاوبەشەکان بۆ سەردانی شوێنە ئاینی و مێژووییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری
٢-٢ ڕۆشنبیری و هونەر:
* دانانی بناغەی بەڕێوەچوونی دوو ساڵانەی هەفتەی هونەری کوردی (فیلم، شانۆ، فێستیڤاڵەکانی مۆسیقا و هتد)
* هەوڵدان بۆ پێناسەکردن و دامەزراندنی خەڵاتی ئەدەبی - هونەری و کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی کتێب و بەرهەمی هونەری.
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەرشیڤێکی دیجیتاڵی و داتابەیسێکی هاوبەش لە ئەدەبیات و مۆسیقا و ئاوازی کوردی لۆکاڵی بە هاوکاری زانکۆ و دامەزراوە ئەدەبییەکان و دامەزراوەکان و هونەرمەندانی هەردوولا.
٢-٣ بوارەکانی کار و خوشگوزەرانی کۆمەڵایەتی:
*هەوڵدان بۆ بەستنی ڕێککەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی هێزی کار و پاراستنی یاسایی بۆ هێزی کاری لایەنەکان.
* دامەزراندنی سەنتەری ڕاوێژکاری پیشەیی و گەڕان بەدوای کاردا بە مەبەستی ئاسانکاری لە مەرجەکانی ناردنی هێزی کار لە هەردوو لایەنەوە.
*هاوکاری لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەکانی فێرکردن و خۆجێیکردنیان لە چوار بەشی پیشەسازی، خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ، و ڕۆشنبیری و هونەر، و دامەزراندنی ناوەندی تەکنیکی و پیشەیی هاوبەش.
٢-٤ ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان
* پەرەپێدانی هاوکاریی بۆ دۆزینەوەی ڕێکاری پاراستنی دارستان و سەرچاوە ژینگەییەکان و سوودەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشە ژینگەییەکان.
* ئاڵوگۆڕی ئەزموونی ژینگەیی و ڕاهێنان بۆ پێشخستنی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ژینگەییەکانی هەردوو لایەن.
مادەی سێیەم: خوێندنی باڵا و داهێنان و تەکنەلۆژیا
* بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا بەتایبەتی لە بوارە زانستییە نوێیەکانی وەک زیرەکی دەستکرد.
* فراوانکردنی هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی مامۆستا و خوێندکار لە نێوان زانکۆکانی دوو لایەن.
* بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و بۆنەی هاوبەشی زانستی و ڕۆشنبیری لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا.
* هەوڵدان بۆ کردنەوەی پلاتفۆرمی پەروەردەی ئۆنلاین (زانکۆی مەجازی) بە پێشکەشکردنی خولی هاوبەش.
* کردنەوەی کورسییەکانی توێژینەوەی هاوبەشی یونسکۆ.
* پێناسەکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە بواری تەحەددای هاوبەش وەک قەیرانی ئاو و وشکەساڵی، خۆڵ و ئاسایشی خۆراک و هتد، هەروەها پێدانی هەلی خوێندنی ٦ مانگ بە توێژەران لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەی لایەنەکان.
* زانکۆکانی هەرێم و زانکۆی کوردستان، هەوڵ بدەن بۆ یەکگرتن و یەکخستنی زمانی کوردی بە گشت دیالێکتەکان بە شێوەی دیجیتاڵ.
* هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی ستانداردەکانی ڕاهێنانی کارامەیی و سەرچاوەی خولەکان و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ ڕاهێنەرانی کارامەیی پێویست بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناوەندەکانی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی (فنی و حرفهای) ئێران.
* هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئابووری دیجیتاڵی و ناساندنی توانا و بازرگانی لایەنەکان لە بواری تەکنەلۆژی.
* یارمەتیدان لە وەبەرهێنان لە یەکەکانی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری (دانشبنیان) و تەکنەلۆژیا/بازاڕی تەکنەلۆژیا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی بنەمای زانیاری.
مادەی چوارەم: بەدواداچوون و جێبەجێکردن
* هەر دوو پارێزگار بە بەردەوامی لە پێوەندیدان بۆ جێبەجێ کردنی خاڵەکان و بڕگەکانی ئەم لێکتێگەیشتنامە بە هەماهەنگی کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.