لە پلاتفۆرمی ئێکس وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بڵاوی کردووەتەوە، دڵخۆشن بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و بەردەوامی پەیوەندییە بازرگانییەکان .
ئەمرۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویان کردووەتەوە: "خۆشحاڵین کە پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان فراوانتر دەبێت. ئەم جۆرە هاوبەشیانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق و سوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت"
ئەم تویتە دوای ئەوە دێت دوێنی سێشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
هەروەها راشیان گەیاندبوو "سەرەڕای پێویستیە ناوخۆییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوویەتیە بەر بە ئاشکرا دژی یاسای عێراقییە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەرتی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقیان دایەوە و رایانگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشان کردووە".
گوتیشیان"دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گوتیشی: "دادگاکانی عێراق دانیان بە یاسایی و ڕەوایی ئەو رێككەوتننانە داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.