چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ئاژانسی سی ئێن ئێنی وڵاتەکەیان راگەیاندووە کە ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات و دەشڵێت؛ "لامان روون نییە ئاخۆ بەرپرسانی ئیسرائیل بڕیاری کۆتاییان داوە یان نا".
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025 ئاژانسی هەواڵیی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا گواستوویەتەوە؛ "ئەمەریکا کۆمەڵێک زانیاری بەدەستهێناوە کە سەرباری هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، ئیسرائیل خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئیسرائیل روونکردنەوەیان لەسەر ئەو زانیارییە نەخستووەتەڕوو، هەرچەند ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە، باسیان لەوەش کردووە کە تاوەکو ئێستا روون نییە ئاخۆ ئیسرائیل بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران یاخود نا.
ئێران و ئەمەریکا چوار جار بۆ رێککەوتن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بە ناوبژیوانی عومان کۆبوونەتەوە و دوێنێ ئێوارەش کازم غەریبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشنیازی کۆبوونەوەی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی پێ گەیشتووە.
تاوەکو ئێستا چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا هەر لە دۆناڵد ترەمپەوە تاوەکو مارکۆ رۆبیۆ و دواجاریش ستیڤ ڤیتکۆف کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکایە لەگەڵ ئێران، بەردەوام دووپاتیان لەوە کردووەتەوە کە ئێران نابێ لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت، ئەوە لە کاتێکدایە ئێران دەڵێت، گفتوگۆکردن لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و دەستبەرداری ئەو مافەمان نابین.
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا گوتی "ئێران نەوتێکی زۆری هەیە، نەوتەکەیان بەشی 300 ساڵی دیکە دەکات کە نەوتێکی زۆر باشیشە، کاتێک ئەوەندە نەوتەت هەبێت چ پێویستت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی هەیە ئەگەر بۆ مەبەستی سەربازی نەبێت؟ من لەوە تێناگەم".
رۆژی سێشەممە 20ـی ئایاری 2025 عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران رایگەیاند "لە سەردەمی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم رەئیسیدا ئەو بە راشکاوی گوتی کە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین، هەرچەند بە شێوەی ناراستەوخۆ دانوستان کرا، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەییشت".
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بێهیوایی خۆی لە دانوستانەکانی واشنتن و تاران پێشاندا و دووپاتیکردەوە؛ "ئێستاش پێموانییە دانوستانەکان ئەنجامێکیان ببێت و ناشزانم لە داهاتوودا چی روودەدات".
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان گوتوون، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن لەناو خاکی ئێراندا پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدرێت و گوتی "کاتێک دەڵێن ئێمە رێگە نادەین ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامبێت، ئەمە قسەی زیادەیە، کەس چاوەڕوانی رێگەپێدانی ئەوان نییە. کۆماری ئیسلامی سیاسەتی خۆی هەیە، رێگەی خۆی هەیە، سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات".
دوابەدوای ئەو لێدوانەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی لە 72 هەزار تمەنەوە گەیشتە 89 هەزار و 600 تمەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.