سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابینی لە بناری چیای سەفین کردەوە و لە گوتارێکدا ئاماژەی بە بەرهەمهێنانی ساڵانە یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن چیمەنتۆ لەو کارگەیەدا و گوتی جێی دەستخۆشییە کە توانیویانە هەزار و 200 هەلی کار برەخسێنن".
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند؛ "کارگەی چیمەنتۆی دابین ساڵانە نزیک یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت و جێی دەستخۆشییە کە زیاتر لە هەزار و 200 هەلی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە".
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان لە دانانی پرۆژەکانی پیشەسازی و سوپاسی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبایی دابینی کرد کە پرسی ژینگەپارێزییان لەبەرچاو گرتووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو پرۆژانەدا کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و لەمباریەوە رایگەیاند"ئەو بەڵێنانەی حکوومەتی هەرێم داویەتی بۆ پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری، خەریکە ئێمە بەرهەمەکانی وردە وردە دەبینین و بەشێکی زۆریان جێبەچێ دەکرێن".
مەسرور بارزانی گوتی؛ "کوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە و مەجالی زیاتر هەیە کە ئێمە بتوانین لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان، لە هەموو شوێنەکانی تر، لە هەموو شار و شارۆچکەیەک، گرنگی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بدەین".
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا
مێوانانی قەدرگران
زۆر زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارین لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەم كۆمپانیا گەورەیە، ئەم شوێنە كە پێش دوو ساڵ ئێمە هاتین لێرە بەردی بناخەی دروستكردنی كارخانەی چیمەنتۆمان دانا كە لە لایەن (دابین گرووپ) و (پاوەر چاینا) هەم دیزایین كراوە و هەم ئەركی جێبەجێكردنیش لە ئەستۆی ئەوان بووە.
كەمتر لە دوو ساڵ ئێمە لێرە بووین و لە ماوەی خۆیدا ئێستا ئەنجامەكەی دەبینین، جێی دەستخۆشییە كە بەڕاستی كارێكی لەم چەشنە و بەم جۆرە و بەم خێراییەیان ئەنجام داوە. جێی سەربەرزی و شانازییە كە دەبینین توانای ناوخۆیی لەگەڵ هاوكاریی دۆستەكانمان لە دەرەوە كە دەتوانن كەرتی پیشەسازی بەم جۆرە لە كوردستان بینا بنێن و دەستپێكێك بێت بۆ هەنگاوی گەورەتریش لە داهاتوودا.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە دەبینین لێرە گرنگییەكی زۆر بە بابەتی ژینگەپارێزی دراوە و فیلتەری ئەم هەموو دووكەڵ و ئەم هەموو گازەی كە بەپێچەوانەوە دەبووە كێشەیەكی سرووشتی، ئێستا ئەمە چارەسەر كراوە. دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم كە بابەتی ژینگەپارێزییان لەبەرچاو گرتووە و هیوادارم هەموو شوێنێكی تریش ئەمەیان لەبەرچاو بێت و بەشێكی سەرەكیی كار و پیشەیان، ئەوە بێت كە چۆن ئێمە ڕێز لە سرووشتی خۆمان بگرین و ژینگەی خۆمان بپارێزین.
بەرهەمی ئەم كارگەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و نزیكەی سەد هەزار تۆنی ساڵانەی چیمەنتۆیە كە بێگومان ئەمە بەشێكی زۆری پێداویستیی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش دابین دەكات. چەندین پرۆژەی تری هاوشێوەش لە كوردستان هەن، ئەمەش ئاماژە بەوە دەدات كە كوردستان شوێنێكی گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندان و پاڵپشتی و پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە كە بكەونە خزمەتی خەڵكی كوردستان.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە دیسان، بیستمان كە زیاتر لە هەزار و دووسەد هەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە رەخساوە، ئەمەش بەشێكی ترە لە بەڵێنی حكومەتی هەرێم كە بە پاڵپشتیی كەرتی تایبەت، ئێمە هەلی كاریش بۆ خەڵكی كوردستان دابین دەكەین. دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ ئەم كارە جوانانەی كە دەیكەن.
هەر لە تەنیشت ئەم پرۆژە گەورەیە، پرۆژەیەكی تری گەورەی گەشتیاری لێرە هەیە هی بەنداوی گۆمەسپان، كەواتە ئەو بەڵێنانەی كە حكومەتی هەرێم داویەتی بۆ پەرەپێدان بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری، خەریكە ئێمە بەرهەمەكانی وردە وردە دەبینین و بەشێكی زۆریان جێبەجێ دەكرێن. بەڵام ئەمە دەستپێكە و هەنگاوی سەرەتاییە، كوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە و دەرفەتی زیاتر هەیە كە ئێمە بتوانین لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان، لە هەموو شوێنەكانی تر، لە هەموو شار و شارۆچكەیەك، گرنگیی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بدەین، لەو شوێنانەی پێویست بێ كەرتی پیشەسازی گرنگی پێ دەدەین، لەو شوێنانەی پێویست بێ كەرتی گەشتوگوزار گرنگی پێ دەدەین و كەرتی كشتوكاڵیش هەروەكوو خۆشتان دەزانن ماوەیەكی زۆرە ئێمە وەبەرهێنانێكی زۆرمان كردووە و هانی جووتیارەكانمان داوە كە ئەوانیش بەردەوام بن لە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ.
ئەم بەشانە هەمووی بەیەكەوە جارێكی تر ئەوەم بەبیر دێنێتەوە كە سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ هەمەچەشنكردن و فراوانكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، سیاسەتێكی دروست و رەوا بووە و بەردەوام دەبین لەوەی كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ و دەرەوەش زیاتر بكەین، تاوەكوو زیاتر گرنگیی بە پێشخستنی كوردستان بدەین و بووژانەوە لە كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.
تاكوو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت، كوردستان بێگومان زیاتر هەنگاو بەرەو پێشكەوتن دەنێت و ئێمە هەموو ئاواتمان ئەوەیە كە خەڵكی ئێمە، خەڵكی كوردستان، ئەو كەسانەی سەردانی كوردستانیش دەكەن، بە ئارامی و بە ئاسایش و بە دڵنیایی بژین و ڕوو لە ئایندەیەكی گەشتر بكەن.
جارێكی تر دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژە گەورەیە دەكەم، دەستخۆشی لە (دابین گرووپ و پاوەر چاینا) دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن و چاوەڕێ دەكەین پرۆژەی هاوشێوە و پرۆژەی تریش لە بەشەكانی تری ئەم كوردستانە خۆشەویستەمان جێبەجێ بكرێن.
سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و هەر سەركەوتوو بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.