ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سێیەمین پێشانگای گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "میتێكس2025"ـی لە هەولێر کردەوە و بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەشداربووی پێشانگاکەی بەسەرکردەوە.
کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی سێشەممە 6ـی ئایاری 2025 بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی کردنەوەی سێیەمین پێشانگای گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دەستی پێ کرد و پێشانگەکە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
پێشانگای گەشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – هەولێر لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت و لە ئەمڕۆوە دەست بە کارەکانی دەکات و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 8ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
پێشتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندبوو کە پێشانگاکە بە چاودێری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک گەورە کۆمپانیای گەشتیاریی و تەکنەلۆژیی لەسەر ئاستی جیهان تێیدا بەشدار دەبن.
ئەو کۆمپانیایانەی لە سێیەمین پێشانگای گەشتیاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری دەکەن لە بوارەکانی گەشتیاری، خزمەتگوزاریی تەکنەلۆژیا و زانیاری، هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەوانی، کۆمپانیاکانی دڵنیایی، گواستنەوە و گەیاندن، هۆتێلەکان، هاوارگە و شوێنە گەشتیارییەکان و چەندین بواری دیکەدا کار دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.