بەهۆی چڕبوونەوەی خۆڵبارین لە چەندین پارێزگای باشوور و رۆژئاوای ئێران پشوو راگەیەنرا و کەشناسی وڵاتەکەش دەڵێت سەرچاوەی خۆڵبارینەکە وڵاتانی دراوسێن.
رۆژی سێشەممە 6ـی ئایاری 2025 بەهۆی چڕبوونەوەی خۆڵبارین لە پارێزگاکانی کرماشان، خوزستان، سنە، لوڕستان و بووشەهر قوتابخانەکان داخران و لە هەندێک لەو پارێزگایانەش لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت پشوو راگەیەنرا.
کەشناسی ئێران رایگەیاندووە، ئەمڕۆ خۆڵبارینە چڕەکە دەگاتە هەریەک لە پارێزگاکانی ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئیسفەهان و هۆشداری دەدات لەوەی خەڵک تا ئەو جێیەی پێیان دەکرێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
ماوەی هەفتەیەکە لە پارێزگاکانی باشوور و رۆژئاوای ئێران خۆڵبارین دەستی پێ کردووە و لە پارێزگای کرماشان خۆڵبارینەکە ئەوەندە چڕ بوو، رۆژی دووشەممە پارێزگا دۆخی لەناکاوی راگەیاند و داوای کرد خەڵک بە هیچ شێوەیەک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سنە دەڵێت، سەرچاوەی خۆڵبارینەکە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریایە و بەهۆی هەڵکردنی رەشەباوە خۆڵبارینەکە گەیشتووەتە باشوور و رۆژئاوای ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.