دوای هێرشی مووشەکی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد کە حوسییەکان و ئێران دەبێت باجی ئەمە بدەن، ئێرانیش دەڵێت؛ حووسییەکان سەربەخۆ ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
رۆژی دووشەممە 5ـی نیسانی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا وڵاتەکەی لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆ بێبەری کرد و گوتی؛ "حووسییەکان ئەو هێرشەیان بە بڕیاریی خۆیان و بۆ هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە کە گوتبووی؛ ئێران لە پشت هێرشە مووشەکییەکەی نزیک فڕۆکەخانەی بن گۆریۆیە و دەڵێت؛ "ئەو داوایە بۆ بەلاڕێدابردن و شوێنبزرکردنی راستییەکانە".
هەر لەو راگەیەنراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن بە "پێشێلکردنی سەروەری یەمەن" ناو دەبات و ئەمەریکا بە پابەند نەبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار دەکات.
هاوکات لەبارەی هەرەشەکانی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی حووسییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە؛ "هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و رژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتەکەمان شەرمەزار دەکەین و بەرپرسیاریەتیی کاردانەوەکانی دواتری دەخەینە ئەستۆی ئەمەریکا و رژێمی زایۆنی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.