Erbil 31°C یەکشەممە 05 تەمووز 20:14

ترەمپ: ئێران دەبێ بە تەواوەتی دەستبەرداری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، ئامانجی ئەمەریکا لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران دەستبەرداربوونی تارانە لە سەرجەم چالاکییە ئەتۆمییەکانی، هاوکات ئامادەیی خۆی پێشاندا گوێبیستی روونکردنەوەکانی ئێران بێت ئاخۆ ئامانجی لە دانانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی چییە.

 

رۆژی دووشەممە 5ـی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەموو ئامانجی ئەمەریکا لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، دەستبەرداربوونی ئەو وڵاتەیە لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی.

 

ترەمپ لە وەڵامی پێشکێشکاری تەلەڤزیۆنەکە کە ئاخۆ ئامانجی ئەمەریکا تەنیا "نەهێشتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان"ـی ئێرانە، گوتی؛ "بەڵێ، ئەوە تاکە شتێکە کە من قبوڵی دەکەم".

 

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت؛ "ئێستا بیرۆکەیەکی نوێ خراوەتە روو، بەوەی کە رێگە بدرێت ئێران بنکەی ئەتۆمی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئەوان ئەوهەموو نەوتەیان هەیە، چ پێویستییان بە پرۆگرامی ئەتۆمی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا؟".

 

تاران و واشنتن لە ماوەی مانگی رابردوو سێ کۆبوونەوەیان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، بڕیاربوو، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئایار گەڕی چوارەمی دانوستانەکانیان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دواخستنی دانوستانەکەی بۆ کاتێکی دیکە راگەیاند.

 

دوو گەڕی دانوستانی ئەمەریکا و ئێران بە ناوبژیوانی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچووە و گەڕێکی دانوستانەکەش لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بووە، سەرۆکی ئەمەریکا تا ئێستا چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر تاران لەگەڵ واشنتن رێکنەکەوێت، "بۆردومان دەکرێت" و دەشڵێت: "بە جۆرێک بۆردومان دەکرێت کە هەرگیز بۆردومانکردنی ئاوا رووینەدابێت".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.