لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێری بۆ 12 گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر و 2 گەڕەکی شاری سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا، ئەو گەڕەکانەی هەولێر كە كارەبایان دەبێتە 24 كاتژمێری بریتین لە (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی)، هەروەها گەڕەکەکانی سلێمانیش بریتین لە (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک).
ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر,سلێمانی و دهۆک سوومەندبوون لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکرا و بەمزووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تائێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و نزیکەی 750 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 43 گەڕەکی جیاواز لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان کە یەکسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.