سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پاسێكی قوتابییان كە بە مەبەستی گەشت و سەیران چووبوونە سەیرانگای كونەماسی، وەرگەڕا و بەهۆیەوە 18 قوتابی و مامۆستا بریندار بوون، تەندروستی سلێمانی دەڵێت، بارودۆخی بریندارەكان باشە و تەنیا دوو قوتابی پێویستیان بە نەشتەرگەری دەبێت.
هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: رووداوەكە نزیک کاتژمێر 4ی سەرلەئێوارە روویداوە وتێیدا پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان لەسەر ڕێگای کونەماسی وەرگەڕاوە.
راشیگەیاند: رووداوەكە بە دروستی لە نزیک گوندی کارێزە روویداوە و هۆكارەكەشی بەهۆی كەمتەرخەمی و نەشارەزایی شوفێرەكە بووە لە ڕێگاکە.
هەروەها رایگەیاند: لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسەكە بەشێوەیەكی گشتی 18 قوتابی و مامۆستا بریندار بوون كە هەندێك لە بریندارەكان منداڵ بوون.
لای خۆشییەوە تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار لە سلێمانی کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.
هەروەها رایگەیاند: تەندروستی بریندارەكان جێگیرە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوو ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە، تەنیا دوو قوتابی پێوستیان بە نەشتەرگەری دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.