ئهمڕۆ چوارشهممه 30ی نیسانی 2025 بهڕێوهبهری گشتیی تهندروستی ههولێر رایگهیاندووه : تا ئێستا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھیچ حاڵەتێکی تای خوێنبهربوون دەستنیشان نەکراوە، گومانلێکراوێک ھەبوو بەڵام دوای ئهنجامدانی پشکنین بۆی دەرچوو کە تای خوێنبەربوون نییە و نەخۆشییەکی دیکەیە، بۆیە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی دەستینیشانکردنمان نییه.
ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە چەند شارێکی عێراق دەستنیشانکراوە و تا ئێستا پێنج کەس بەهۆیەوە گیانییان لەدەستداوە، لە ھەرێمی كوردستانیش ھەرچەندە ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەستی پێکردووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دروست بووە و بەڕێوەری گشتی تەندروستی ھەولێریش ڕایدەگەیەنێت کە ھیچ تووشبوویەک لە ھەولێر دەستنیشان نەکراوە و جەختیش لەوەش دەکاتەوە کە بە توندی کار لەسەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەکەن.
ئاژانسی ههواڵی (ئهنادۆڵ)ی توركیا بڵاویكردووهتهوه، ئهمڕۆ چوارشهممه دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر رایگهیاندووه: تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، بە درێژایی ساڵ لە عێراق حاڵەت ھەبووە و تۆمار کراوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان و بە دیارییکراویش لە ھەولێر، زۆربەی ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە چەند مانگێک گومان یان حاڵەت ھەبووە، بە تایبەتیش لە مانگەکانی نیسان تا ئاب حاڵەتەکان بە دیار كهوتوون و دواتر نەماون.
دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئهوهشی خستووهتهڕوو: "ئەم پەتایە کە له ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ھەندێکجاریش لە مرۆڤ بۆ مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام گوازراوە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە ئاژەڵ بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە بە تایبەت لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت بەشێوەیەکی نا تەندروست، چونکە ئەو گەنەیەی لەسەر ئاژەڵ ھەیە، پێویستە ڕشاندنی بۆ بکرێت".
بهڕێوهبهری گشتیی تهندروستی ههولێر راشیگهیاندووه : ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نیە بەڵکو ئەرکی وهزارهتی کشتوکاڵ و پارێزگاکانە بۆ ئەوەی کارەکان چڕتر بکرێتەوە بە تایبەت لە چێشتخانەکاندا.
دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئاشكراشی كردووه : "وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تهندروستی ههولێر، ڕێکارەکانمان گرتووەتەبەر و لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە بۆ ئەم بابەتە، هەروەها ئامادەکاری کراوە و لە تاقیگەی گشتی پشکنینمان هەیە و پزیشکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە لەم ماوەیەدا زیاتر سەرنج بخەنە سەر نیشانەکانی ئەم پەتایە، چونکە لەیەکچووهەیە لە نیشانەکاندا لەگەڵ هەندێک نەخۆشی دیکە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت دا دەکەن، دەبێت زیاتر ئاگاداری ڕێککارەکانی خۆپارێزی بن.
دكتۆر دلۆڤان محهمهد ئاشكراشی كردووه: "لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەبێت، هەرچەندە ئەوانەش ڕێکاری خۆیان هەیە، لای ئێمە بە هەموو شێوەیەک دەقەغەیە ئاژەڵ لەناو ماڵ و ناو کۆڵانەکان سەرببڕینی بۆ بکرێت، پێویستە لە شوێنی مۆڵەتپێدراو سەربڕینی ئاژەڵەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها دەبێت شوێنەکان ڕشاندنی بۆ کرابێت و ئێمەش ئەو پێشنیازانەمان کردووە کە ئەم ڕێگایانە بگیرێتەبەر.
جێی باسه ، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 26 کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پێنج کەس لەوانە گیانییان لەدەستداوە کە سێ کەسیان له شاری كهركوك بوونه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.