سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتالیا لەگەڵ ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی کۆبوویەوە و پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستانیان له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بی تاوتوێکرد.
رۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەڕاوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، کۆبووه‌وه.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاویکردووەتەوە؛ "له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بی تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا، پێشهاته سیاسییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که، گرنگيى پاراستنى سه‌قامگیری و به‌هێزکردنی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ "نێچیرڤان بارزانی ستايشى هه‌وڵه‌كانى کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پاراستنى ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه‌که كرد، هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌ڕێز ئه‌بولغه‌یت و كۆمكارى له لێكنزيككردنه‌وه‌ى بۆچوونى وڵاتانى ئه‌ندام، به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند. لای خۆیەوە، به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی، به‌ره‌وپێشچوون و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له عێراق و ناوچه‌كه، به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.