سەرۆك بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشی بەهۆی كۆچی دوایی بابێ نەوزاد كەسایەتی نیشتمانپەروەری رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.
سەرۆك بارزانی لە پەیامە سەرخۆشییەكەدا رایگەیاند: بابێ نەوزاد تەمەنی خۆی بۆ خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا و لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا تەرخان كرد و لەو ڕێگەیەدا تووشی زیندان و دەربەدەری و ئاوارەیی بوو.
دەقی پەیامە سەرەخۆشییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی بابێ نەوزاد:-
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خەباتگێڕ و تێكۆشەری كورد (عبدالرحیم عصمت وانلی ناسراو بە بابێ نەوزاد)ـم پێ گەیشت.
خوالێخۆشبوو (عبدالرحیم عصمت وانلی) كەسایەتیی نیشتمانپەروەری ڕۆژئاوای كوردستان تەمەنی خۆی بۆ خەبات لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا و لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا تەرخان كرد و لەو ڕێگەیەدا تووشی زیندان و دەربەدەری و ئاوارەیی بوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو (عبدالرحیم عصمت وانلی) و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت، انا لله و انا الیە راجعون.
مسعود بارزانی
25ی ئاداری 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.