ڕائد کرێملی بریكاری وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئێران هانی پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان دەدات و ئامادەیی نیشان نادات بۆ پێشکەشکردنی ئەو سازشانەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئەمەریکادا پێویستن.
کرێملی ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز و دامەزراوەکانی ئارامکۆ، بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 19 کەس، کە بەشێکیان هاووڵاتی بیانی بوون. هەروەها ڕایگەیاند کە تەنها لەم مانگەدا فڕۆکەخانەی ڕیاز 20 جار کراوەتە ئامانج.
دپلۆماتکارە سعوودییەکە ڕایگەیاند، لە مانگی تەمموزدا سعوودیە پێشنیاری کردووە کۆبوونەوەیەکی دانوستان لەگەڵ حوسییەکان لە عومان ئەنجام بدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنەکان، بەڵام گرووپەکە بەشدارییان ڕەت کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی حوسییەکان ناوچەکانی دەوروبەری گەرووی بابولمەندەبیان فراوانتر کرد، هاوپەیمانی سعوودیە ناچار بوو هێرشی سەربازی ئەنجام بدات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەیان.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، کرێملی جەختی لەوە کردەوە کە سعوودیە پشتیوانی لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان دەکات، بە ئامانجی زامنکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران و پابەندبوونی ڕوونتر بە دانوستانەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران.
سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی دیکە، کرێملی گوتی: سعوودیە پێی وایە چین و ڕووسیا بە دابینکردنی زانیاری هەواڵگری یان ئاسانکاری بازرگانی، پشتگیری لە ئێران و حوسییەکان دەکەن، هەروەها جەختی کردەوە کە ڕیاز بەردەوام ئەم بابەتە لەگەڵ هەردوو وڵاتدا تاوتوێ دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.