نەتەوە یەکگرتووەکان رایدهگهیهنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر كهرتی غەززە و هێرشکردنە سەر کارمەندە نێودەوڵەتییەکان، ژمارهی کارمەندەکانی له كهرتهكه كهم دهكات.
ستیفان دوجاریک گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، یەک لەسەر سێی کارەمەندە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەززە دەکشێنینەوە پاش ئەوەی ئەندامێکمان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، کوژراوە.
ئاماژهی بهوهشكرد، لەم هەفتەیە لە سەد کارمەند سی کارمەندیان کەم کردووتەوە، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی لە ڕۆژانی داهاتوودا کارمەندی زیاتر لە کەرتەکە بکشێننەوە.
دوجاریک هیواشی خواست هاووڵاتییانی غەززە بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ کەرتەکە، جەختیشی کردەوە كه نەتەوە یەکگرتووەکان كهرتی غهززه بە جێ ناهێڵێت.
هاوكات باسی لهوهشكرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، له نۆزدهی ئاداری ئهمساڵ بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دێر ئەلبەلەح بۆردومان کراوه و، بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕەگەز بولگاری و برینداربوونی شەش کەسی دیکە.
ستیفان دوجاریک گوتیشی: ئهو بارەگایهی نەتەوە یەکگرتووەکان كه بۆردومان کرا لە ناوچەکەدا ناسراوە، بۆیە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای كرد لێكۆڵینهوه له رووداوهكه بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.