ئەمشەو چوارشەممە هێزەكانی سوپای عێراق لە نزیك شارۆچكەی خورماتوو لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بۆسەیەكیان بۆ چەند چەكدارێكی داعش دانایەوە و دوای رووبەڕووبوونەوە، یەكێك لە چەكدارە داعشەكان خۆی تەقاندووەتەوە.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاوی كردەوە: دوای كۆكردنەوەی زانیاری كە چوار چەكداری داعش نزیك بوونەتەوە لە گوندێكی شارەدێی سلێمان بەگ، هێزەكانمان لە فیرقەی دووی لیوای 88ی سوپای عێراق بۆسەیەكیان بۆ چەكدارەكان دانایەوە.
راشیگەیاند: لە كاتی بۆسەكەدا چوار چەكدارەكەی داعش رووبەڕووی هێزكانی سوپا بوونەوە، لە كاتی رووبەڕووبوونەوەكە یەكێك لە چەكدارەكان لە رێگەی پشتێنەی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی بە هێزەكانی سوپای عێراق تەقاندەوە.
هەروەها رایگەیاند: لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكان دوو لە چەكدارەكان كوژران و دوو چەكدارەكەی دیكەش بریندار بوونە.
فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكان هیچ زانیارییەكی لەبارەی كەوتنەوەی قوربانی لە ریزی هێزەكانی سوپای عێراق بڵاو نەكردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.