حوسییەكانی یەمەن رایانگەیاند، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی شەوی رابردووی ئەمەریكا، كەمێك پێش بە مووشەك و درۆن هێرشیان كردۆتە سەر یەكێك لە گەورەترین كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانی ئەمەریكا لەنێو دەریای سوور.
یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازی حوسییەكانی یەمەن رایگەیاند: هێزە سەربازییەكانمان لە باكوری دەریای سوور هێرشێكی جەرگبڕیان كردۆتە سەر كەشتی فڕۆكەهەڵگری (یوو ئێس ئێس هاری ترومان)ی ئەمەریكی و زیانی زۆریان پێ گەیاندووە.
راشیگەیاند: هێزە سەربازییەكانمان بە 18 مووشەكی بالیستی و درۆن هێرشەكەیان ئەنجامداوە.
هەروەها رایگەیاند: ئەم هێرشە وەك وەڵامێكە لەبەرامبەر هێرشەكانی شەوی رابردووی ئەمەریكا بۆ سەر بنكە سەربازییەكانمان لە سەنعا و پارێزگاكانی دیكە كە بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.
لەبارەی ژمارەی قوربانییانی هێرشەكانی شەوی رابردووش، وەزارەتی تەندروستی حوسییەكان رایگەیاندبوو كە 9 كەس كوژراون و دەیانی دیكەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.