Erbil 19°C ھەینی 14 ئازار 09:15

پووتین بە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆكڕاینا رازی بووە.. بەڵام بە مەرج

کوردستان TV
100%

سەرۆكی رووسیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی رازییە بە پێشنیاری ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئۆكڕاینا، بەڵام بە مەرج.

ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: مۆسكۆ رازییە بە پێشنیاری راگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ئۆكڕاینا.

راشیگەیاند: بەو مەرجەی ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی بۆ ماوەیەكی درێژ و كۆتاهێنان بەم قەیرانەی دروستبووە.

ڤلادیمیر پووتین هەروەها رایگەیاند: رووسیا رەمەزامەندە لەسەر راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئۆكڕاینا بۆ ماوەی 30 رۆژ، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەم ماوەیە چۆن دەقۆزرێتەوە و بەكاردەهێنرێت.

رۆژی سێشەممەی رابردوو شاندی ئەمەریكا و ئۆكڕاینا سەبارەت بە پرسی راگرتنی جەنگی نێوان ئۆكڕاینا و رووسیا لە شاری جەددەی سعوودییە كۆبوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند: ئۆكڕاینا رازی بووە لەگەڵ رووسیا راستەوخۆ دەست بە دانوستان بكات و بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەست لەنێوان هەردوولا رابگەیەنرێت.

راشیگەیاند: بەم بڕیارە ئۆكڕاینا هەنگاوێكی دیكەی بەرەو ئاشتی هاتە پێشەوە و ئێستا تۆپەكە لەنێو یاریگەی رووسیایە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیواشی خواستبوو كە وەڵامی رووسیا بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی ئۆكڕاینا ئەرێنی بێت.

ماركۆ رۆبیۆ جەختیشی كردبووەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت و بە خێراترین كات جەنگ لەنێوان ئۆكڕاینا و رووسیا راوەستێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.