بێگومان خانمان زیاتر لە پیاوان گرفتیان لە کاتی وەرزشکردن و رێکخستنی سیستەمێکی خۆراکی تەندرووست هەیە لە ژیانیاندا، بەڵام خۆش بەختانە ساڵانە رێژەی وەرزشوانان لە هەردوو رەگەز روو لە زیاد بوونە.
وەرزشی لەشجوانی یەکێکە لەو وەرزشانەی لەم چەند ساڵەی پێشوو تا ئێستا گرنگی زۆری پێدەدرێت، چوونەک هەم دەتگەیەنێتە تەندرووستیەکی باش هەمیش لەشولارێکی جوانت پێدەبەخشێت.
نیان ڕەشاد راهێنەری ئافرەتان، تایبەت بە کوردستان تیڤی دوا، لە لیدوانەکانی پەنجەی خستە سەر ئەو کێشانەی کە دووچاری دەبێتەوە لەگەڵ خانمان و بە گرنگی دەزانێت خانمان زیاتر پەرە بەخۆیان بدەن.
نیان گوتی، یەکێک لە خراپترین گرفتەکان ئەوەیە خانمان وا تێگەیەندراون بە ماوەی 1 تا 2 مانگ دەتوانن بگەن بە باشترین ئاست و باشترین شێوازی لەشولار، بەڵام لە راستیدا وانییە ئەم وەرزشە پێویستی بە بەردەوامی هەیە ناکرێت لێی داببڕێیت، وەرزش یەکێکە لە ساکتەرە گرنگەکانی مانەوەی تەندروستی بۆیە بە گرنگی دەزانم وەرزشوانان هیچ کات دانەبڕێن و بەردەوام بن لە وەرزشکردن.
گوتیشی، بەداخەوە ئێستا ئەوەندەی گرنگی بە نەشتەرگەری و هەندێک دەرمانی ساختەی دانانی وەزن دەدەن ئەوەندە گرنگی بەوەرزش نادەن بێگوێدانە زیانە لاوەکیەکانی، لەدوایشدا ناچار دەبن دوای نەشتەرگەری یاخود وەرگرتنی ئەو دەرمانانە وەرزش بکەن، کەواتە کۆتای رێگاکەی هەر دەبێت بێتە هۆڵی وەرزشی بۆیە رێنماییان ناکەم نەشتەرگەری بکەن تەنها لە حاڵەتی تایبەت نەبێت.
سیستەمی خۆراکی یەکێکە لەو شتانەی کە دەبێت وەرزشوان زۆر گرنگی پێبدەن، بەڵام بە داخەوە سیستەمێکی خراپی خۆراکی بەکار دەهێن و دەیانەوێت لەگەڵیشیدا تەندرووست و ڕێکبن.
ناوبراو هۆشداری ئەوەشی دا کە ئافرەتان زۆرینەیان تەنها خەریکی کاردیۆن واتە ڕاکردن و پاسکیل، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بێت و بە سیستەم و کات و لێکدانەوەی وەزن نەبێت دەکرێت ببێتە گرفت بۆ ئەژنۆکانیان.
لە درێژەی باسەکەی گوتی، بە داخەوەم کە دەبینم ئافرەتێک لەناکاو لە هۆڵەکەمان نامێنێ دواتر دەزانم بەهۆی دووگیانیە، لێرە واباوە کە وەرزش بۆ ئافرەتانی دوگیان خراپە بەڵام بەهیچ جۆرێک وانیە تەنها 3 مانگی سەرەتا پێویستە دوور بکەونەوە دوای ئەوە وەرزش زۆر یارمەتیدەرە لە گەشەی منداڵ و چالاکی سوڕی خوێن و هەرەها هاوکاری سەرەکیە بۆ خستنەوەی منداڵ بە شێوازی سروشتی، چونکە دەبێتە هۆی بەهێزی ماسولکەکانی، ئەو ئافرەتانەی وەرزش دەکەن کەمتر دوچاری ئازار و ئاستەنگی دەبن لەکاتی لەدایکبوونی کۆرپەکەی.
سەبارەت بە پیاوانیش گوتی، ئێمە لە هەرێمی کوردستان راهێنەری پیاوی زۆر بە توانامان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیاوان وەک ئافرەتان شارەزای لەشولاری ئافرەت نین هەر بۆیە من پێم باشترە راهێنەری ئافرەتان هەر ئافرەت بێت چونکە دەزانین چی دەوێت و بەچی ئاستێکی دەگەیەنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.