Erbil 19°C سێشەممە 08 نیسان 21:05

رێباز حەملان: بەهۆی پێداگیریم لەسەر پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دەستم لەكاركێشاوەتەوە

کوردستان TV
کاتی خوێندنەوە 2 خولەك (456 وشە)
100%

بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد كە بەهۆی پێداگیری لەسەر پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دەستی پۆستەكەی كێشاوەتەوە.

رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت "من لە بەغدا پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لە قووت و مافی خەڵکی ھەرێمی كوردستان کرد و بەهیچ شێوەیەك خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم".

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقە:-

بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنووسسازم داوە، لە بەغدا کەڕامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانیبوونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخسی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.

بەتایبەت کە متمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت، دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بووەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندیی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت.

لەساڵی 2017 لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکوومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجوومەنی وەزیران نیسابى قانوونى لەدەست بدات، بڕیارم دا وەک وەزیری دارایی و ئابووری لەناو حکوومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام.

لەگەڵ دەستبەکاربوونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجام دا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکوومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکارییانەی لێی کراوە و هەمووی جێبەجێ کردووە، بەتایبەت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت خەمخۆرانە و پشوودرێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغدا، ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێ کەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم، بۆ یه‌كه‌مجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق به‌یاننامه‌ له‌ دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لە بەغدا پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لە قووت و مافی خەڵکی ھەرێم کرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گه‌وره ‌كرا و له‌گه‌ڵ خودى وه‌زیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە 24 بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵێ و گرژی دروستبوو، به‌ شانازییه‌وه‌ سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.

لەم ساڵی 2025دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسییانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لە کاتی خۆیدا ناینێرن،

بۆ جاری دووەم بڕیارم دا و بەڕەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغدا، مووچە لە کاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورە و میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودە کرد.

لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە و داوام کرد کە من دەستلەکار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبووڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.