Erbil 23°C دووشەممە 07 نیسان 09:40

دیندار زێباری: لە کابینەی نۆیەمدا هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان

کوردستان TV
100%

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان

ئەمڕۆ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە.

ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ئافرەتان لەپێناو مافەکانیاندا. لە هەرێمی کوردستانیش کار و چالاکی زۆر ئەنجام دراون لەم بوارەدا.

لەم بارەیه‌وه‌ ، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و کردارییەوە، لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١، کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەم شێوەیە یاسایەک دەرنەچووە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی. جگە لەمە، چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە و ڕێنمایی تایبەت دەرچوون کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان."

ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە (٧٥%)ی ڕاسپاردەکان جێبەجێکراون کە بەشێکیان تایبەتن بە مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی.

هەروەها ڕێکاری تایبەت دەرکراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تر. لە لایەکی دیکەوە، پێنج شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و شەڵتەرێکیش بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ئێستادا دەیان ئافرەت لەخۆ دەگرن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان وتی: "زیاتر لە (٣٠%)ی ئافرەتان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدان، هەروەها لە دەزگا ئەمنییەکانیش ڕێژەیان گەیشتۆتە (١٠%). لە لایەکی دیکەوە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی ئافرەتە سەرکەوتووەکان زیاتر بوو لە (٣٠%)."

ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئافرەت بوون. هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەک ئافرەت لە پۆستەکانی وەزیر، بریکاری وەزیر، سەرۆکی دەستە بە پلەی بریکاری وەزیر هەن. سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، (٦٩) دادوەر و (٥٨) داواکاری گشتی و (١٩٨) لێکۆڵەری دادی و (٢٣٣) یاریدەدەری دادوەر لە ڕەگەزی مێ لە هەرێمی کوردستان هەن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی وت: "زیاتر لە (١٥٠٠) ڕۆژنامەنووسی ئافرەت لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون و ژمارەیەکیان خاوەن ئیمتیاز، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینن. لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێم پشتگیری دارایی پێشکەش بە نزیکەی (٨٠٠٠) ئافرەتی گوندنشین کردووە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.