كەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێنج پارێزگای باشووری کوردستان باران دەبارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاداری 2025لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت. درەنگی شەو کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هەندێک کات بەشێوەی لێزمەباران و هەورە برووسکە دەبێت".
لەبارەی کەشوهەوای بهیانی 8ی ئادار، کەشناسیی دەڵێت: "لە بەیانی زوودا بارانی مامناوەند دەبارێت پاشان دەگۆڕیت بۆ نمەباران؛ کاریگەری باران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە ئەمڕۆ لە گەرمیانەوە دەستپێدەکات و دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە، شەو دەگاتە هەولێر و بەرەبەیانی سبەی لە دهۆک باران دەبارێت".
بەگوتەی ئەو کەشناسە: "زۆرترین رێژەی بارانبارین لە گەرمیان دەبێت و کەمترین لە دهۆک. شەپۆلەکە یەکشەممە و دووشەممەش بەردەوام دەبێت، بەڵام بە لاوازتر و ئەگەری نمەباران دەبێت. سێشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک بەرز دەبێتەوە". سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.