حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار پڕۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری گەیاندە پارێزگای سلێمانی و وەك قۆناغی سەرەتاش لە چەند گەڕەكێك پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەک قۆناغێکی ئەزموونی لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی وەزارەتی كارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری بۆ چەند گەڕەكێكی پارێزگای سلێمانی.
ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە پڕۆژەكەیان تێدا جێبەجێ دەكرێت بریتین لە: بازاڕی سلێمانی و گەڕەکەکانی ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزدی، سەلیم بەگ و خانەقا کە زیاتر لە 9 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆ گرتووە.
حكوومەتی هەرێم راشیگەیاند: ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابین کراوە و بەمشێوەیە بە کۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیانراوەکەی حکوومەتی هەرێمدا ئەوەش هاتووە: پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک گەڕەکی دیکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.