شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی كردووە لە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان بەفر و بارانێكی باش ببارێت و پلەكانی گەرماش دابەزینی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆڵێكی بارانبارین گەیشتۆتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەو شەپۆلە بە لاوازی بگاتە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک، لەم ناوچانە نمەباران دەست پێ دەکات و له هەندێك ناوچەش بارانبارین دڵۆپ دڵۆپ دەبێت .
راشیگەیاند: لە درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە شەپۆلی بارانبارینی سەرتاسەری سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، كاریگەری ئەم شەپۆڵە بەپلەیەك کاریگەری لەسەر ئیدارەی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سەنتەری هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر (قەراج و کەندیناوە و مەخموور و گوێڕ و دیبەگە و سەرگەڕان) دەبێت.
هەروەها رایگەیاند: چەقی شەپۆڵی بارانبارینەکە رۆژی شەممە دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانی باش و مامناوەند هەیە.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە: هەر لە چوارچێوەی ئەم شەپۆڵەدا لە ناوچە شاخاوییە کۆیستانییەکان پێشبینی بەفربارینێكی باش دەكرێت و پلەكانی گەرماش بەڕێژەیەكی بەرچاو نزم دەبنەوە.
جەختیشی كردەوە كە كاریگەری ئەم شەپۆڵە تا رۆژی 11ی مانگ بەردەوام دەبێت دواتر بەرەو لاوازبوون دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.