كۆشكی سپی ئەمەریكا بۆچوونی خۆی لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكە بڵاوكردەوە كە داوای لە پەكەكە كردبوو چەك دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
كۆشكی سپی لەبارەی پەیامەكە رایگەیاند: پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدادان و هەڵوەشاندنەوە دەبێتە هۆی هێنانەدی ئاشتی لەم ناوچە پڕ لە كێشەیەدا.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە شاندی ئیمڕالی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكەیان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بە زمانی كوردی خوێندەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت و لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش بەرپرسیارەتی مێژوویی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت.
هەروەها داواشی لە سەركردایەتی پەكەكە كرد كۆنگرە ببەستن و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدەن، هیواشی خواست گوێڕایەلی ئەم بانگەواز و پەیامەی بن.
هەر لەبارەی پەیامەكەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كۆماری عێراق پێشوازی لە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە و چەكدادان كە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەكە.
جەختیشی كردەوە كە پڕۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ تاكە چارەسەرە بۆ كۆتاییهێنان بە سەرجەم ناكۆكی و ململانێكان و هەروەها لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەكان و پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.