Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 03:36

لە هەولێر بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز چەند بڕیارێك دەركرا

کوردستان TV
100%

لە پارێزگای هەولێر بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز چەند بڕیارێك دەركرا، بڕیاردرا هەر كەسێك لەم مانگەدا كەلوپەل گران بكات یاخود خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت توندترین سزا بدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەلوپەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا كە بەرپرسانى دیکەى لایەنى پەیوەندیدارئامادەى بوون، دواى گفتوگۆکردن لەبارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان، پارێزگارى هەولێر جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە ئەو بڕیارانەى دا:-

-  لیژنەی قایمقامییەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.

-  نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.

-  ڕێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر کە یارى بە بازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.

-  لەپێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک، درمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت.

-  لە بازگەکان چاودێرى توند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

-  تیمەکانى شارەوانى لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن.

-  ڕێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتمانى دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشیواندا کارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان.

-  کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.

-  ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى ڕێکارێکى پێویست لە شوینە گشتییەکان بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان لەپێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەروماڵى هاووڵاتییان.

-  کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لەڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى بە باشى و بەبێ کەموکوڕى بەڕێوەببرێت.

-  تەنها لە 10 شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنها پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكى تر بۆی نییە چالاكی ئەنجام بدات.

-  لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.

لە کۆتای کۆبوونەوەکەشدا لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى گفتووگۆ و خستنەڕووى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە بابەتى سەرەکى کۆبوونەوە، کۆبوونەوە چەند بڕیار و ڕێوشوێنێکى دیکەى پێویستى وەرگرت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.