Erbil 20°C سێشەممە 22 نیسان 04:08

دۆناڵد ترەمپ: سەرۆكی ئۆكڕاینا دیكتاتۆرە

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەخنەیەكی توندی لە فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا گرت و بە سەرۆكێكی دیكتاتۆر وەسفی كرد كە رەتی دەكاتەوە لە وڵاتەكەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ترووس سۆشیال رایگەیاند: زیلینسكی بە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ رووسیا كارێكی هەڵەی ئەنجام دا و ئێستا ئۆكڕاینا بووەتە وڵاتێكی تێكشكاو كە بەبێ هۆكار ملیۆنان كەسی تێدا كوژرا و تا ئێستاش ئەم دۆخە بەردەوامە.

راشیگەیاند: زیلینسكی هونەرمەندێكی كۆمیدی بوو، ئەمەریكای لەخشتە برد و 350 ملیار دۆلاری بۆ جەنگی رووسیا خەرج كرد، ئەم جەنگەش هەرگیز بە سەركەوتن كۆتایی نایەت.

گوتیشی: زیلینسكی كەسێكی دیكتاتۆرە و رەت دەكاتەوە لە وڵاتەكەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئێستاش پشتگیری و لایەنگری لەناوخۆی وڵاتەكەی لەدەستداوە، ئەو تەنیا لە یەك شت سەركەوتوو بوو ئەویش فێڵكردن بوو لە جۆ بایدن.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا كە كابینەكەی ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات ئەم جەنگەی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا رابگرێت، ئەم كارەش تەنیا بە كابینەكەی ئەو دەكرێت.

دوێنێ سێشەممە تیمی دانوستانكاری ئەمەریكا و رووسیا بەبێ ئامادەبوونی لایەنی ئۆكڕاینا لە ریازی پایتەختی سعوودییە كۆبوونەوە، بەو هۆیەوە لایەنی ئۆكڕاینا رەخنەیان لەم كۆبوونەوەیە گرت.

فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا رەخنەی لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە گرت و رایگەیاند كە دەبوو تیمی وڵاتەكەی و ئەوروپاش ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە ببوونایە.

دواتریش وەزیری دەرەوەی ئۆكڕاینا ئەمڕۆ چوارشەممە ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك خۆیان رادەستی رووسیا ناكەن.

جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە لەلایەن وڵاتانەوە پاڵەپەستۆیان دەخرێتەسەر بۆ راگرتنی جەنگ، بەڵام ئەوان بە مەرج ئامادەن پاشەكشە بكەن و كۆتایی بە جەنگ بهێنن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.