وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوندەكانی سنووری خورماتوو، رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان پێشمەرگە و چەكدارانی داعش دروستبووە و توانراوە چەند شوانكارێك رزگار بكرێن.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 19/2/2025، شانەیەکی نوستووی گرووپی تیرۆرستی داعش لە سنووری گوندەکانی دوزخورماتوو بە دیاریکراوی لە دەوروبەری گوندی دوراجی و غەررە، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەدا پەلاماری چەند شوانکارێکیان دا، لە ئەنجامدا ڕووبەرووبوونەوە لەنێوانیان دروستبوو.
راشیگەیاند: دوای ئاگادارکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو سنوورە، دەستبەجێ هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بە مەبەستی بە هاناوەچوونی شوانەکان و خەڵکی ناوچەکە روویان لە شوێنی رووبەڕووبوونەوەکە کرد.
هەروەها رایگەیاند: توانرا شوانەکان بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و تیرۆرستەکانیش بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتن.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان دڵنیاییشی دا کە هەمیشە چاوکراوەن و بە ورە و دەستێکی پۆڵاین رووبەڕووی هەموو جوولە و کردەوەیەکی تیرۆرستانی داعش دەوەستێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.