ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیکردن و ڕێگریکردن لە جوتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕەفتارە کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە. ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جوتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوودوەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.
سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025 کە ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی زەوی بۆ جوتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جوتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، سەرۆک وەزیران پوختەیەکی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یاداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکوومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیماڕات لە سێکتەرە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوون کردەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا، بە جۆرێک بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا وەک یەک بەرکاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگیی لەنێوان دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لەپێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست و دروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوولا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێکاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکوومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میکانیزمی هاوبەش.
لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایەڕوو کە لە هەولێر ساز کرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.