هه‌ر له درێژه‌ی کارنامه‌که‌یدا له ڕۆژی سێیه‌می کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/2/16 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا و وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا کۆبووه‌وه کە پێکهاتبوو لە د. نیلس شمید، وتەبێژی کاروباری دەرەوە و هەماهەنگکاری گرووپ لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی (SPD)، ئەندریاس شوارز ئەندامی لیژنەی بەرگری، مێتن هاکڤێردی ئەندامی لیژنەی بودجە و نیلس ئانین وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا.
لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له گرنگیی بره‌ودان به پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرایه‌وه، هەروەها ده‌رباره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و پێشهاته‌کانی ناوچه‌که، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.
لاى خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکە وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکه‌دا، داکۆکی‌یان لە دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە، هه‌روه‌ها پابەندیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی و ئاماژەیان بە گرنگیی فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئاسایش و پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه ئەمنییه‌کان.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی تازه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی ئاوارە و پەنابەران و پێکهاته‌کان لە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییه‌کانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.