Erbil 22°C یەکشەممە 20 نیسان 22:01

بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.. ئەمڕۆ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەست پێ دەكات

کوردستان TV
100%

بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا دەست بە كارەكانی دەكات، پێشبینی دەكرێت نزیكەی هەزار سەرۆك و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ناوخۆ و كەسایەتییە بڕیاردەرەكان بەشداری تێدا بكەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوێنێ پێنجشەممە بە یاوەری شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان، گەیشتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.

هەر ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند دیدار و كۆبوونەوەیەكی تایبەتی دەبێت لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵای بەشداربوو لە كۆنفرانسەكە.

پێشینی دەكرێت زیاتر لە 60 سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان بەشداری كۆنفرانسەكە بكەن، لەگەڵ 150 وەزیری دەرەوە و بەرگری و ناوخۆ، هەروەها 800 كەسایەتی بڕیاردەر لە بواری سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵاتاندا.

تەوەرەكانی ئەمساڵ كۆنفراسی ئاسایشی میونشن بەشێوەیەكی گشتی بریتی دەبێت لە (رێگەچارەی ئاشتی بۆ ئۆكڕاینا، گرژی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناكۆكی و پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا، كەشوهەوا، ئاسایشی خۆراك، جیۆ پۆلۆتیك و چاكسازی لە دەسەڵات و چەند بابەتێكی دیكە).

دلشاد شهاب گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان دوێنێ پێنجشەممە لەبارەی كۆنفراسەكە و بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێم گوتى: نێچيرڤان بارزانى له‌ ميانى سێ ڕۆژى كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌شدارن، چه‌ندين ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت.

هەروەها گوتی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردە و بەپرسانی باڵای وڵاتان، ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان و دوا پێشهاته‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ گفتوگۆ ده‌كات و بيروڕا ده‌گۆڕێته‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.