سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی پتەوکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان، تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی لە ھاوتا میسرییەکەی، مستەفا مەدبولی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پتەوکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لە ھەماھەنگی ھەڵوێستەکانی نێوان عێراق و میسر بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوای کۆبوونەوەکە، بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی سێھەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوان عێراق و میسر ئەنجامدراوە.
باسی لەوەش کردووە کە هەر بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی و مستەفا مەدبولی لە میانی ڕێوڕەسمێکدا، ژمارەیەک یاداشنامەی لێکتێگەیشتن لە ژمارەیەک بواردا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، واژوو کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.