Erbil 23°C ھەینی 18 نیسان 13:56

عێراق هەڵوێستی لەبارەی هەوڵی راگواستنی گەلی فەڵەستین بۆ میسڕ و ئوردن دەخاتەڕوو

کوردستان TV
100%

عێراق بەفەرمی دژی هەموو ئەو هەوڵانە دەوەستێتەوە كە بۆ راگواستنی گەلی فەڵەستین بۆ هەریەك لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن دەدرێن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوشانە فەڵەستینییەكەی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی هەوڵی راگواستنی گەلی فەڵەستینی خستۆتەڕوو ئەویش ئەوەیە كە بە هەموو شێوەیەك دژی ئەم هەوڵەیە و پاڵپشتی تەواوی مافەكانی گەلی فەڵەستین دەكات.

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دۆسییەی فەڵەستین و پاڵپشتیكردن لە مافەكانی گەلەكە بخاتە پێشینەی كارنامەی كۆبوونەوەكانی لووتكەی عەرەبی كە بڕیارە ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

لای خۆشییەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەكانی عێراق بەرامبەر بە فەڵەستین دەربڕیوە و ستایشی پەیوەندیی برایانەی نێوان هەردوو وڵات كردووە، هەروەها جەختی لە گرینگی بەردەوامی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوانیان لە سەرجەم بوارەكاندا كردۆتەوە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا تۆمارێكی دەنگێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڵاوكرایەوە كە تێیدا پێشنیار دەكات دانیشتووانی كەرتی غەززە ناوچەكانیان چۆل بكەنەوە بگوازرێنەوە بۆ شوێنێكی ئارام وەك میسڕ و ئوردن.

دواتر ئەم پێشنیارەی ترەمپ كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهان رەتكرایەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.