سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆڕاگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی. هاوکات گوتیشی هەڕەشەی داعش هەر ماوە، بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی سووریا، ئێستاش مەترسی گەڕانەوەی داعش هەیە و ڕوو لە زیادبوونن.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئابووریی جیهان و کەناڵی CNN ڕیچارد کوێست، لە ماڵی کوردستان، گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد و تاووتوێی چەندین تەوەریان کرد.
دهقه چاوپێكهوتنهكه:
ڕیچارد کوێست: هەر چۆنێک بێت تۆ یەکەم خولی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپت بینیووە، پێت وایە خولی دووەمی ئیدارەکەی چۆن دەبێت؟
سەفین دزەیی: لە ڕاستیدا، من دووجار چاوم بە سەرۆک ترەمپ کەوتووە، جارێک لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتییی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵى 2019، دووەمجاریش لێرە لە داڤۆس، ئێمە پێمانوایە ئەو لە خولی یەکەمیەوە ئەزموونێکی پەیدا کردووە، ئەمەش بۆ خولی دووەمی یارمەتیدەر دەبێت، کەشی سیاسیش لە ناوچەکە و سەرانسهرى جیهان زۆر گۆڕاوە، ئەو تیمەی ئەو دەستنیشانی کردوون، بە تایبەت کەسە سەرەکییەکان، ئێمە پەیوەندییەکی کەسیمان لەگەڵیاندا هەیە و لە ئاستی کەسی دەیانناسین، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بە ئاسانی پێیان بگەین.
ڕیچارد کوێست: دوو ڕەهەندی جیاواز هەن، یەکێکیان ناوخۆییە و ئەویدیکەشیان نێودەوڵەتییە، ئەو خێراییەی کە ئەو بەکام لایەندا ڕۆشتووە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تۆ گوتت، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەو فێربووە، بەڵکو فێربووە چۆن هێزی لایەنەکان بکێشێت، ئەو ڕاستەوخۆ سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات کە ئەمەش لە ئاستێکدا تەواو سەرنجڕاکێشە، بەڵام لە ئاستێکی دیکەشدا مایەی نیگەرانییە، چونکە نازانین دواتر چی دەبێت؟
سەفین دزەیی: ئەمە ڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، هەندێک کاتیش خەڵک وا هەستی پێدەکات کە ئەمهریکا بە هێواشی دەجوڵێتەوە، هەمیشەش بەرەو یەک ئاراستە هەنگاو دەنێت، هەندێک جاریش تاوەکوو بەرەو لای ڕاست یاخود چەپدا دەڕوات کاتی دەوێت، بەڵام من پێموایە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو زۆر بەخێرایی دەجوڵێتەوە، ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەو ئەمجارە بازرگانی دەوێت.
ڕیچارد کوێست: باشە ئەگەر ئێمە باسی ناوچەکە بکەین، تۆ چی بۆ ناوچەکە زیاد دەکەیت؟
سەفین دزەیی: بەڵێ، سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕیچارد کوێست: تۆ دەتەوێت ئەمهریکا چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟
سەفین دزەیی: چەندین پرسی سەرەکی هەن کە ئەمهریکا هەر لە سەرەتاوە تیایاندا بەشدارە، ڕوونە کە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین، کە ئەمە پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، جا بە هەر میکانیزمێک بێت. دووەم سووریایە، کە ئەمهریکا تیایدا بەشدارە، بە تایبەت لەگەڵ پرسی کوردی سووریا. سێیەمیش پرسی عێراقە، لە ساڵی 2003ـەوە، زۆر ڕوونتر لەدوای ساڵی 1991، دوای شەڕی يهكهمى كهنداو، ئەمهریکا زۆر بە قووڵی بەشداربووە، کە دەیویست کارەکە تەواو بکات، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
ڕیچارد کوێست: بۆ گەڕانەوەی ئەم سەقامگیرییە، هەردوو ماوەی نێوان ساڵانی 1991 و 2003، من ماوەیەک لەوێ بووم، گەڕانەوەی ئەم سەقامگیرییە بۆ ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی ئاسان نابێت، لە کوێوە دەستپێدەکەن؟ من نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە، هەموو کەسێک دەیەوێت سەرکردایەتییەکی هەبێت، کە ئەمەش هێڵێکی باریکە لە نێوان سەرکردایەتی و سەپاندن، ئەمەش یەکێکە لە بەشە قورسەکان، وا نییە؟
سەفین دزەیی: ڕاستە هەمیشە ئاسان نییە سەرکردایەتی بکەیت، هەندێکجار لەوانەشە وەرگرتنەوەی کورسییەکە ئاسانتر بێت، بەڵام بەو پێیەی ئەمهریکا دووبارە سەرکردایەتییەکەی وەرگرتووەتەوە، بۆیە زۆر کار هەن کە بە نیوەیی بەجێماون، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیش جەنگی دژ بە داعش بە هەوڵی هاوبەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەڕەشەی داعش هەیە، بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و وەک ئەوەی بینیومانە هەڕەشەکانی داعش یان هێرشەکانی داعش زیاد بوون.
ڕیچارد کوێست: سەبارەت بە ئیدارەی نوێی سووریا، وەک ئەوەی کە هەموو شت گۆڕاون، تۆ متمانەت بەو ئیدارەیە هەیە؟
سەفین دزەیی: من پێموایە ڕووداوە خێراکانی سووریا هەمووانیان سەرسام کرد.
ڕیچارد کوێست: تەنانەت بە سەرسامی کارەکە کرا.
سەفین دزەیی: من پێموایە تەنانەت بۆ سەرکردەکانی ئێستای دیمەشقیش سەرسامکەر بوو، کە چۆن ڕژێم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێچرایەوە، ڕەنگە ئەمە بۆ هەموو لایەک سوپرایزێکی گەورە بووبێت. ئێستا ئێمە شتی دروست و باش لە سەرکردەکانی دیمەشقەوە دەبیستین.
ڕیچارد کوێست: ڕوونی بکەوە مەبەستت لە شتی دروست و باش چییە؟
سەفین دزەیی: کرانەوە بەڕووی جیهاندا، بە شێوەیەکی گشتی، چونکە ئێمە باکگراوندی ئەم گرووپە دەزانین، بەڵام ئەوان ئێستا دەیانەوێت گەشەسەندن و پێکەوەژیان هەبێت لەگەڵ داهاتوویەکی گشتگیر بۆ سووریاييهکان.
ڕیچارد کوێست: ئایا سوود لەم گومانەنە هەیە، ئێستا لێرە 'ڕیەڵ پۆڵەتیک' هەیە، ئەوان حکومەتیان بەدەستەوەیە و بردیانەوە، بەدەستیان هێنا، تا ڕادەیەکی دیاریکراو، ورچە 500 پاوەندییەکە لەهەر جێیەک بیەوێت دادەنیشێت و لەسەر ئەوە ڕاهاتووە و هیچیش ناکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئاستی بەشداربوونی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، ئاستی بەشداربوون کە دەبێت جێی خۆی بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی گۆڕانی زیاتر لە بەرانبەر هێشتنەوەی دۆخەکە، بەڕای تۆ چەند سوود پێویستە ببەخشرێت؟
سەفین دزەیی: من پێموایە هەمووان زۆر بە وریاییەوە دەچنە پێش، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە پێویست بێت دەستبەرداری بن، ئەوان دەبێت ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سووریا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا، هەڵبەت وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە، بۆیە پێویستە یارمەتی بدرێت، ئەم یارمەتیيەش تەنیا دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بێت، هەروەها دەبێت تەواو ڕوون بێت، نامەوێت بڵێم بە مەرجی پێشوەختە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت بە باشی ڕێک بخرێت.
ڕیچارد کوێست: سەبارەت بە چی، ببوورە هەر دەمەوێت فشارت لێبکەم بۆ ئەوەی بیڵێيت، بەڵام تۆ وەزیری دەرەوەیت.
سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە، تەواوی بیرۆکەکە گەڕانەوەی سەقامگیرییە، بە ڕوونیش پەیوەست بە کوردی سووریا کە نکۆڵی لە هەموو مافەکانیان کراوە، تەنانەت زۆربەیان لە مافی وەڵاتینامە بێبەش کراون، بۆیە گرنگە هەوڵ هەبێت سەرەتا و پێش هەر شتێک بۆ هاووڵاتیبوونی یەکسان، هەروەها مافەکانی پێکهاتەکانی دیکەش وەک عەلەوییەکان، درووزەکان، کورد، کریستیان، تورکمان و هەموو ئەوانی دیکە.
ڕیچارد کوێست: هەموو ئەو پێکهاتانە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا و لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد ئازاریان چەشتووە، چۆن دەتواندرێت چەقۆکە بنێژرێت، من هەمیشە بیر لە ئەفریقای باشوور دەکەمەوە، سەردەمی دوای 'سیستەمی ئەپاراتاید'، دوایی کە ماندێلا هات، ئەنجومەنی ڕاستی و ئاشتەوایی دروست بوو، کە نموونەیەکی جوان بوو، من ناڵێم هاوشێوەی ئەوە لە سووریا هەبێت، بەڵام تۆ چۆن ڕێگە دەدەیت کە نموونەیەک بێتە پێشەوە و بکەوێتە کار، تەواوی ڕاست و هەڵەکانی ڕابردوو بناسرێن بەڵام ڕێگە بدرێت وڵات بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت، ئەمەش ئالنگارییە؟
سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە ئەمە ئالنگارییە، چونکە تۆ دەزانی وڵاتەکە بۆ ماوەی چەند دەیە بە مستێکی ئاسنین حوکم کراوە، بە دڵنیاییەوە ڕزگاربوون لەوە لە شەو و ڕۆژێکدا زۆر قورس دەبێت.
ڕیچارد کوێست: بە تایبەتیش کە هەر هەمان خەڵک ڕێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن، ئێمە لە ڕووخانی دیواری بەرلینەوە فێری ئەمە بووین، پێویستە هەمان ئەو خەڵکانە جارێکی دیکە کارەکە ئەنجام بدەن، وایە؟
سەفین دزەیی: بەڵێ، ئێمە کێشەی هاوشێوەمان لە عێراق هەیە کە هێشتاش بەسەریدا زاڵ نەبووین، بەڵام لانیکەم ئێمە ڕێگا دروستەکەمان گرتووەتە بەر، ئەمە هەندێک کاتی پێویستە، ئەمە گەشتێکی قورس دەبێت، بەڵام هەروەک ئاماژەم پێکرد پێویستی بە ڕوونی و ڕێکخستنێکی باش هەیە، لەگەڵ هەماهەنگيی هاوڕێ ڕۆژاواییەکان، لە ڕێگەی یارمەتیی دووبارە بوونیادنانەوەی سووریا لە هەموو ڕوويهکەوە، لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پێویستە یارمەتی بدرێن و بەرەو شوێنێک ئاراستە بکرێن کە بە باشترین شێوە خزمەتی تەواوی گەلی سووریا بکات، هیچ بیرۆکەیەک نەسەپێنرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە بە ڕێگەیەک بێت کە بژارەی خودی گەلی سووریا بێت و خۆیان هەڵبژێرن.
ڕیچارد کوێست: چۆن ژینگەیەکی ئارام دروست دەکەیت کە ئەمەی تێدا بەدیبێت؟ کە ئەمەش زۆر گرنگە.
سەفین دزەیی: بەدڵنیاییەوە، دووبارە ئەمەش کاتی دەوێت، بەڵام ئەمە هەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەگەر بە هەمان بەهێزییەوە بێت، هەڵبەت من باسی هەفتەی داهاتوو یاخود مانگی داهاتوو ناکەم، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی ڕاگوزەر هەڵدەبژیردرێت و پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە، کە دان بە هەموو پێکهاتەکاندا بنێت و تیشک بخاتە سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
ڕیچارد کوێست: من دەمەوێت لە ڕوانگەی ئەزموونی عێراقەوە باسی ئەوە بکەم، ئێمە دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییە گەورانە دەزانین ناتوانین 'دیموکراسیی وێڵسۆنی' یان پەرلەمانی دوو ئەنجومەنیمان هەبێت، وەک 'وێستمینستەر' یان ئەوانی دیکە، پێتوایە هەندێکجار ئێمە هەوڵی سەپاندنی سیستمی دیموکراسی دەدەین کە بۆ وڵات یان ناوچەیەکی دیاریکراو ناشێت؟
سەفین دزەیی: من پێموایە سیستم لە بەها و بنەماکان جیاوازە، ئێمە لەوانەیە هەمان بەها و بنەمای هاوبەشمان هەبێت، بەڵام لەوانەیە هەمان دیموکراسيی نموونەیی نەبێت، بەهۆی پاشخانی کولتووری و چەندین هۆکاری دیکەوە کە ڕۆڵی لە بونیاتنانی کۆمەڵگاکاندا هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێک بەها و بنەمای دیاریکراو و مافی مرۆڤ هەن کە دەبێت بە هەند وەربگیرێن و پەرەیان پێبدرێت.
ڕیچارد کوێست: ئێستا با باسی هەرێمەکەی خۆتان بکەین، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، لەگەڵ تواناکانی گەشەکردنی هەرێمەکە، ئەو شتانەی کە وەبەرهێنەرەکان دەیانەوێت سەقامگیرییە، با لیستیان بکەین، چیان دەوێت؟ سەقامگیری، دڵنیایی، سەروەریی یاسا.
سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە تۆ گوتت.
ڕیچارد کوێست: ئێستا پەیوەست بەمە لە بارەی هەرێمەکەی خۆتانەوە پێم بڵێ.
سەفین دزەیی: من لەو باوەڕەدام کە ئێمە زۆر قەرزاری وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکانی خۆمانین، هەندێکیان لێرە ئامادەن، ئەمانە لە کاتە سەختەکاندا پاڵپشتیی پلانەکانی حکومەتیان کردووە، ئەو کاتانەی کە حکومەت ڕووبەڕووی سەختیی دارایی بوويهوه، ئەوان یارمەتیی بەردەوامبوونی سیستمیان دا لە ڕووی ژێرخان و کەرتی تایبەتەوە، دەبێت ئەوەش بڵێم کە سیستم لە عێراق بە گشتی، سیستەمێکی ناوەندیی سۆسیالیستی بووە کە هەموو شت بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، لەم سیستەمەدا دەوڵەت ڕێبەر بووە، دەوڵەت برا گەورە بووە، دەوڵەت دابینکار بووە، لە لانکەوە تاوەکو گۆڕ دەوڵەت لە هەموو شتێک بەرپرسیار بووە، ئێمە هەوڵمان دا لەمە دوور بکەوینەوە، هاندەر و پشتیوان و گەشەپێدەری ئابووریی بازاڕی ئازاد بین لە ڕێگەی هاندانی خاوەنکاران، هەندێک لەو کەسە باشانەش کە لێرە دەیانبینیت ئەوانەن کە بە هەوڵی خۆیان بوونەتە ملیۆنێر. بۆیە ئێمە زۆر قەرزاری ئەوانین، حکومەت ڕێکخەربووە، حکومەت هەوڵیداوە پێداویستە بنەڕەتییەکانی دانیشتووان دابین بکات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا حکومەت ڕێگەی بە کەرتی تایبەت داوە تا ڕەوڕەوهی ئابووری لە جوڵە بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ڕووبەڕووی چەند ئالنگارییەک دەبینەوە، ئێمە کیانێکی سەربەخۆ نین ئێمە بەشێکین لە عێراق ئێمە چەند کێشەیەکمان لەگەڵ بەغدا و هەندێك جاريش لەگەڵ تەواوی ناوچەکە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە بە شێوەیەکی ڕێژەیی باش کار دەکەین، لە ڕابردوو خەباتی ئێمە بۆ مانەوە بوو، بەڵام ئێستا هەوڵی مانەوە و گەشەسەندن دەدەین.
ڕیچارد کوێست: بەڵام ئایا ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی تەواو پێناسە کراون، یاخود ناجێگیرن و بوونەتە هۆی ئەم بۆشاییە کە ئێوە باسی دەکەن، لە لێکۆڵێنەوەکانمدا هەوڵی تێگەیشتنم لە 'هەرێمی ئەتۆنۆمی' داوە کە زۆر ئاڵۆزە، چونکە لەلایەک کراوەتە فیدراڵی، بەڵام فیدراڵیش نییە، هاوشێوەی ئەوەی سکۆتلەندا بۆ بەریتانیا نییە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپاش نییە، ئەمە هەمووی پێکەوەن و ناڕوونییەکی زۆر دروست دەکەن، تۆش هاوڕای؟
سەفین دزەیی: پێموایە ئەوەی کە دەتوانێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دیاری بکات ئەوەیە کە ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە لەلایەن ٪85 ـی عێراقییەکانەوە لە ساڵی 2005 دەنگی لەسەر دراوە، نووسینەوەی ئەم دەستوورەش لەگەڵ دۆستانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە، بە بڕوای من ئەمە باشترین دەستوورە لە تەواوی ناوچەکەدا، ئێمە کێشەمان هەیە و دەڵێین با دابنیشین و بزانین دەستوور لەو بارەوە چی دەڵێت، من بە خەمبارییەوە ئەمە دەڵێم لەسەر هاوڕێیانمان لە بەغدا، ئەمە پرسێکی بابەتی بووە و تەنیا هەندێک ماددەی دیاریکراوی دەستووریان هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ساڵی 2005 پەیوەندیمان لەگەل بەغدا زۆر باش بوو، ئێستاش پەیوەنديی باشمان هەیە، وەزیرمان لە کابینەی حکومەتدا هەیە، پەرلەمانتارمان لە پەرلەمانی فیدراڵی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کێشەمان هەن، کێشەی ئابووری، دارایی و بودجە، کێشەی وزە و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ماددەی 140ی دەستوور کە پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت، ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت لە ڕێگەی میکانیزمێکی دیاریکراوەوە یەکلا بکرێنەوە، کە ئەمەش دەبوو ساڵی 2007 بکرێت، وا ئێستاش ئێمە لە ساڵی 2025 داین، من هێشتاش پێم وایە کە دەتوانین دابنیشین.
ڕیچارد کوێست: دەتوانم پرسیارێکی ڕاشکاوانەت لێ بکەم؟ پێت وایە ئەو دەستوورەی کە ئێستا بەم شێوەیە هەیە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟
سەفین دزەیی: هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێمە دەڵێین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، چونکە کێشە هەن و نەخشەڕێش بۆ چارەسەریان هەیە، ناکرێت بە ڕێگەی بڕیاری کەسێک ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت و ناکرێت بڵێین ئەم سەرۆکوەزیرانە باشترە لەوەی پێشوو، یان ئەوەی پێشوو باشتر بوو، ناکرێت چارەسەری ئەم کێشانە بۆ کەسەکان جێبهێڵدرێت بەوەی چیان لەبارەوە دەکەن، چونکە یاسا و ماددەی دەستووری هەن کە دەبێت ببنە میکانیزمی چارەسەکردنی پرسەکانی ئێمە لەگەل بەغدا.
ڕیچارد کوێست: دەمەوێت پرسیار لە تۆ و ئامادەبووان بکەم، خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان چییە؟
سەفین دزەیی: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆڕاگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی، ئەوان لە هەموو ناخۆشی و ئاڵنگاريیەک کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لە ڕابردوودا تەنیا چیاکان دۆستمان بوون، بەلام ئەمڕۆ هاورێی نێودەوڵەتيی زۆرمان هەیە، بە نموونە کەسانی وەک تۆ کە لێرە لەگەڵمان دانیشتوویت و لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس چای کوردیمان خواردەوە و زۆر هاورێی دیکەمان هەن. بۆیە خۆڕاگريی خەڵکی ئێمە و ئیرادەی خەڵکی ئێمە بۆ خەبات کاتێک دەڵێم خەبات، بۆ چەند دەیە پێشمەرگە شهڕى گەورەی ئەنجام دا، بەڵام بۆ ئەمرۆ پێويستە خەباتی ئێمە بە ڕێگهی دیکە بێت، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گەشەسەندنی ئابووری و دڵنیابین لەوەی کە باشترین پێوەرەکانی ژیان بۆ خەڵکی خۆمان دابین دەکرێت، کە زۆر ئازار و نەهامەتییان چەشتووە، لە جینۆساید و هێرشی کیمیایی و هەتا دوایی.
ڕیچارد کوێست: ئەمە زۆر جوانە، دەستخۆش، زۆر سپاس. جوانيی داڤۆس هیچ سنوورێکی نییە، هاوڕایت؟ چەند گرنگە و چەندی دیکە پیویستە کار بکرێت لەسەر شەفافییەت، گەندەڵی و پاککردنەوەی ژینگەی بازرگانی و سەروەریی یاسا، پێویستە چەند کاری دیکە بکرێت؟ ئەمە شتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بگەن بەو کۆمەڵەیەی کە دەتانەویت.
سەفین دزەیی: من تەواو هاوڕام، پێم وایە کۆمەڵگهیەک كه له گهشهدايه دەبێت میکانیزمێکی هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە گەندەڵی دەهێندرێتە ئاستی سفر.
ڕیچارد کوێست: ئەمە ڕوونادات.
سەفین دزەیی: ویستم تەواوی بکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا تەنیا گەندەڵيی دارایی نییە، بەڵکو گەندەڵیی ئیداریش بوونی هەیە، چونکە بیرۆکراسی و ڕۆتینات و ڕێگرییەکان هەندێکجار پڕوکێنەرە، ئەمە لەوانەیە وا لە خەڵک بکات دووجار بیر بکەنەوە، بۆ ئەوەی بێن و بزنس بکەن، لەبەرئەوەی ئێمە وەکوو حکومەت پاکێجێکی چاکسازیمان ڕاگەیاندووە بۆ فرەچهشنكردنى ئابووری، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین لەبەر ئەوەیە ئێمە بوارێکی فراوانترمان بە کەرتی تایبەت داوە بۆ وەبەرهێنان لەو ڕوانگەیە پێویستە حکومەت لە دەرەوەی بازرگانی بێت، نابێت هاوشێوەی سیستمی سۆسیالیستیی جاران بێت کە وا حکومەت خاوەنداريی بازرگانی بکات.
ڕیچارد کوێست: حکومەت پێویستە لە دەرەوەی بزنس بمێنێتەوە؟
سەفین دزەیی: نابێت هاوشێوەی سیستمێکی کۆنی سۆسیالیستی بێت، کە دەوڵەت خاوەندارێتيی بزنس و کارخوڵقێنی بکات.
ڕیچارد کوێست: بەڵام دەبێت ڕێکخستنێکی بەهێزی هەبێت.
سەفین دزەیی: ئەمە ئەوە بوو کە من دەمویست بیڵێـم. حکومەت ڕێکخەرە، خاوەنی بزنس نییە.
ڕیچارد کوێست: ڕاستە، بەڵام زۆرجار ئەوەی کە ڕوودەدات، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و وەبەرهێنان و ...
سەفین دزەیی: ئێمە یاسای وەبەرهێنانمان هەیە کە من پێموایە یاسایەکی تەواو باش و مۆدێرنە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە نەبوونی باج و گومرک، خاوەندارێتی 100٪ و گواستنەوەی سەرمایە.
ڕیچارد کوێست: پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دووانە زەحمەتە؟
سەفین دزەیی: لە ڕووی یاساییەوە، پێم وایە شتەکان بە دەستوور باش ڕێکخراون، بەڵام هەندێکجار تاکەکەسەکان کێشە دروست دەکەن، وەک ئەوەی ئەم بەرێزە ئاماژەی پێدا، هەندێک بەرهەم کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن ڕێگە نادرێت هەناردەی باشووری عێراق بکرێن، یانیش لە هەندێک کاتدا ببوورە کە ئەمە دەڵێم بەڵام هەندێکجار و بە ڕێککەوتنی تایبەتی دەتوانن هەناردە بکەن، یان هەندێکجار بە ڕێکاری تایبەت دەتواندرێت بنێردرێن، نابێت وا بێت، چونکە کوردستان بەشێکە لە عێراق، ناتوانێت باجی دووەمیش بدەیت کاتێک دەچێتە ناو عێراقەوە.
ڕیچارد کوێست: دەزانی من چی لەمە تێگەیشتم هەم لە قسەکانی ئێوە هەم لە وەڵامەکانی تۆ کە باستان لە واقیعەکە کرد، نەک ئەوەی لەسەر کاغەز هەیە، ئێوە هەردووکتان باستان لەو ئالنگارییە کرد کە تیایدا دەژین و من لێرە دێمە کۆتایی باسەکە دەمەوێ بزانم خەڵکی وەک ئێوە کە لە هێز و دەسەڵات و کاریگەریدا وەبەرهێنانتان کردووە، دەتەوێت لە 12 مانگی داهاتوودا چی بکەیت؟
سەفین دزەیی: لەوانەیە کەمکردنەوەی هەندێک لەو هێز و کاریگەرییە بێت.
ڕیچارد کوێست: بەڵێ، یەکجار کە هێزت پێدرا دەگمەنە دەستبەرداری بیت.
سەفین دزەیی: ئێمە ئێستا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتداین و دڵنیا نیم کە بەشێک دەبم لەم کابینەیە.
ڕیچارد کوێست: حەز دەکەیت لەو کابینەیە بیت؟ وایدەبینم کە ئاشنا بیت بە دەستەواژەی 'بەڵێ جەنابی وەزیر'؟
سەفین دزەیی: بەڵێ، هەروەها بە دەستەواژەی 'بەڵێ جەنابی سەرۆکوەزیران'
ڕیچارد کوێست: کاتێک پرسیارت لێدەکەم کە ئایا دەتەوێت ببیتە بەشێک لە کابینەی داهاتوو، من خۆم هیچ چاوم لەسەر نییە، بەڵام ئامادەم خزمەت بکەم ئەگەر داوام لێ بکرێت.
سەفین دزەیی: من له کۆتاییەکانی ساڵانی 1980وە لە ناو ئەم ژیانە سیاسییەدام، کاتێکی زۆرە، بەڵام ڕاشکاو بم لەگەڵت، حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی، ساڵی 1991 کە وا خاکی کوردستانمان ڕزگار کرد، یەکەم هەڵبژاردنمان لە 1992 ئەنجام دا، ئێمە فێربووین، سەرهڕای هەموو ئەو ئاڵنگارييانهی ڕووبەڕوومان بوونهوه، بە دڵنیایيەوە هەڵەمان کردووە، بەڵام هەوڵ دەدەین لە هەڵەکانمانەوە فێر بین، ئەوەی کە لێرەین لە داڤۆس و هەوڵدەدەین خەڵک ببینین بۆ بونیادنانی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵات و کولتوور و ئابوورییە جیاوازەکان و هەوڵمانداوە لە ئەزموونی ئەوانەوە فێر بین، من ناڵێم ئێمە نموونەیەکی باڵاین یان لە دیموکراسی و بەڕێوەبردندا ناوازەین، دان بە هەڵەکانماندا دەنێین و هەوڵ دەدەین باشتر بین و لە نموونەی باشى هاوڕێیانمانەوە فێربین و حکومەت وەک ڕێکخەر هەوڵ دەدات لە بزنس بە دوور بێت و لێگەڕێ خەڵک بزنسی خۆی بکات و وەبەرهێنەرە دەرەکییەکانیش بۆ ناوخۆی هەرێـمەکە ڕابکێشێت.
ڕیچارد کوێست: ئایا بانگهێشتم دەکەیت؟
سەفین دزەیی: تۆ بانگهێشتنامەیەکی کراوەت هەیە.
ڕیچارد کوێست: جاری داهاتوو لە هەولێر دەتبینمەوە. زۆر سوپاس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.