ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی توركیا كرد و هەردوولا كۆمەڵێك پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ كرد.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چەند پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی هاوبەش تاوتوێ كرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سووریا و غەززە و لوبنان تاوتوێ كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە كۆتایی بە جەنگ بهێنرێت و پابەندی هەبێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشان دا كە وڵاتەكەی رۆلی نێوەندگیری لەنێوان وڵاتان لەنێویشیاندا توركیا ببینێت بۆ سەقامگیری ناوچەكە، جەختیشی كردەوە كە ئەوان دژی ئەوەن خاكی سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و كاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ دروست بكات.
سەبارەت بە توركیاش، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوە دا كە عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو رێككەوتنانەی كە ساڵی رابردوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ كرا.
لای خۆشییەوە وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ عێراق و سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دروست بكات بەتایبەت لە بوارەكانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئارامی ناوچەكەدا.
هاكان فیدان تەئكیدیشی كردەوە كە وڵاتاكەی پێداگیرە لەسەر كاركردن لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە بوارەكانی وزە و خوێندن و بازرگانی و بانكیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.