Erbil 4°C شەممە 25 کانوونی دووەم 04:08

دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ تۆڕی میدیایی کوردستان کەناڵی (شمس)

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی کوردستان تەلەڤزیۆنی (شەمس) تیشكی خستە سەر كۆمەڵێ بابەتی هەنووكەیی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، پارچەكانی تری كوردستان، عێراق، ناوچەكە و هەموو جیهان بە گشتی و باسی گۆڕانكاریی مێژوویی ناوچەكە دەكات، بەتایبەتی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و كاریگەرییەكانی بۆ سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆك بارزانی باسی كردنەوەی كەناڵی "شەمس" دەكات و پیرۆزبایی لە گەلی كورد دەكات و دەڵێت، خەونێكی گەورەی هێنایە دی، ئامانجی ئەم كەناڵە گەیاندنی وێنەیەكی ڕاستی كوردستانە بۆ جیهانی عەرەبی.

سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووخانی بەشار ئەسەد دەڵێت، دەمزانی ڕژێمی ئەسەد دەڕووخێت و دیار بوو كە لە دۆخێكی خراپدایە، بەڵام نەمدەزانی بەو شێوە خێرایە دەڕوات، ئەمەش هەمان سیناریۆی ڕووخانی سوپای عێراق بوو لە مووسڵ لە كاتی شەڕی داعشدا.

سەبارەت بە ئەحمەد شەرع دەڵێت، ئەوەی تا ئێستا لەسەری دەیبیستین جێی دڵخۆشكەرە و هیوادارین ببێت بە كردار و مافی خۆمانە هۆشیار بین لەسەر ئەوەی داخۆ دەبێتە ڕاست یان نا، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بكەین. ئەوەی چاوەڕێی دەكەین ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكرێت لە وڵاتەكەدا، داخۆ لە سیستەمی نوێی سووریادا دەگەن بە ئازادی و مافەكانیان و هەست بە كەرامەت و هاووڵاتیبوونی خۆیان دەكەن. داوا لە كوردی سووریاش دەكەین ڕێگەی گفتوگۆ بگرنە بەر و داواش لە سووریا دەكەین لە ڕێی گفتوگۆوە مامەڵە بكەن.

لەبارەی دیداری لەگەڵ مەزڵووم عەبدی سەرۆك بارزانی گوتی، ئێمە پێمان وا بوو دۆخێكی مێژوویی گونجاوە كە لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی كۆ ببینەوە و پێشوازیم لێ كرد. ئامۆژگاریم كرد كە كۆڵ نەدات لە هەوڵدان بە ڕێگەی ئاشتی و ڕێگەی یەكگرتوویی گەلی كورد بگرنە بەر.

سەبارەت بە دیداری له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گوتی، بارودۆخه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ پێویستی به‌ دیدار و چاوپێكه‌وتنێكی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌بوو و به‌وپه‌ڕی گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازیم لێ كرد و له‌ به‌رانبه‌ریشدا عه‌بدی ورده‌كاریی دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع بۆ باس كردم كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا خاڵی هاوبه‌ش و ناكۆك له‌ نێوان عه‌بدی و شه‌رعدا هه‌بووه‌.

ئەوەشی خستە ڕوو ئامۆژگاریی عه‌بدیم كردووه‌ كه‌ هه‌رگیز بێ ئومێد نه‌بێت، به‌ڵكوو په‌نا بباته‌ به‌ر گفتوگۆ و ده‌ستبه‌رداری هه‌ر جۆره‌ كاریگه‌ری و هه‌ژموونێكی ده‌ره‌كی ببێت و هه‌نگاو بنێت به‌ ئاراسته‌ی یه‌كخستنی گوتاری كوردی له‌ سووریادا. 

سەرۆك بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد له‌ سووریا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ئایینده‌ی خۆیان گه‌شبینن، به‌ڵام ترس و هه‌ستیاریشیان هه‌یه‌، به ‌تایبه‌تی كه‌ ئایینده‌ی سووریا به‌ گشتی ڕوون نییه‌.

سه‌رۆك بارزانی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ چاوپێكه‌وتنه‌دا هه‌رگیز هه‌ستی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ عه‌بدی مه‌یلی جووداخوازیی هه‌بێت، به‌ڵكوو بۆی ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كورد ده‌یه‌وێت به‌شێك بێت له‌ سووریا و به‌ مافه‌كانی بگات و ده‌شڵێت، به‌ عه‌بدیم گوتووه‌، له‌م بارودۆخه‌دا خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌س ده‌ستوه‌ردان له‌ داواكاری و مافه‌كانیان بكات.

لەبارەی نموونەی عێراق بۆ سووریا كە كورد لەوێش هەرێمێكی فیدرالی هەبێت،  سەرۆك بارزانی گوتی، فیدرالی چارەسەرێكی دادپەروەرە و باشترینە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دەسەڵاتی ئەوێ ئەو چارەسەره‌یان پێ باش نەبێت، ئەوا نابێت لە بەرانبەرەكەیدا دیسان چەوسانەوەی كورد بێت، بەڵكوو بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت كورد مافەكانیان دەست بكەوێت و هەست بە ئازادیی خۆیان بكەن.

سەرۆك بارزانی لەبارەی مافی سەربەخۆیی كوردستان دەڵێت، ئێمە لەگەڵ دەرفەتەكاندا بە هۆشیارییەوە مامەڵە دەكەین و پەلە ناكەین، بەڵام مافی گەلی كورد وەكوو گەلێكی سەربەخۆ، ئەمە خوا پێی بەخشیوین و كەس ناتوانێت ئەم مافەمان لێ بستێنێت.

سەرۆك بارزانی دەڵێت، بەگشتی لەبارەی دۆخی كورد لە ڕۆژئاوا گەشبینم بەڵام بە هۆشیارییەوە.

سەرۆك بارزانی باسی سەردانی شاری قامیشلۆ دەكات كە ساڵانی نەوت سەردانی كردووە و دەڵێت، قامیشلۆ لە دڵمدایە و هیوادارم بەم نزیكانە سەردانی بكەمەوە، وەك چۆن من لە دڵی ئەواندام.

لەبارەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا كە تا ئێستاش بەرانبەر حكوومەتی ناوەند لە دۆخی ناڕەحەتیدایە، سەرۆك بارزانی گوتی، كێشەی ئێمە نیەتە، ئەگەر نیازپاك بن، هەموو شتێك چارەسەر دەبێت و زۆر ئاسانە، ئەگەر نیازپاكیش نەبن، بە هەزار دەستوور كێشەكان چارەسەر نابێت.

سەرۆك بارزانی: هەموو هەوڵێك درا لەڕێی لاوازكردنی پارتییەوە، گەلی كورد لاواز بكەن، بەڵام خۆشبەختانە پارتی زیاتر لە 800 هەزار دەنگی هێنا و ئەگەر دەنگی كەركووك و مووسڵیشی بكەینە سەر، دەگەینە یەك ملیۆن دەنگ كە بڕوا ناكەم لە هەموو عێراقدا حیزبێك هەبێت بتوانێت ئەوەندە دەنگ كۆ بكاتەوە. ئامانجی ئەوان لە پیلانەكانیان بۆ سەر پارتی، لاوازكردنی كوردستان بوو، بەڵام شكستیان هێنا. ڕاستییەكەی لەو دۆخە تەناهی و ناخۆشەدا، بڕوام نەدەكرد ئەوەندە بە ئاسانی و ڕێكوپێكی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

ئێمە پاش هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو لایەك دانیشتووین بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێت. ڕاستییەكەی من پێم خۆشە هەموو حزبە براوەكان بێنە حكوومەتەوە، چونكە حكوومەتی هەموویانە و جێی هەموویان دەبێتەوە، بەڵام هەندێكیان هەر زوو بڕیاریان دا كە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و ئێمە ڕێز لە بڕیاری هەموو لایەك دەگرین و تا دوایین ساتەكانیش داوایان لێ دەكەین بێنە ناو حكوومەتەكەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێن ئەو لایەنانەی نایانەوێت كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق چارەسەر بێت، سەرۆك بارزانی گوتی، ئەو حزبانەن كە نەیانتوانیوە شەقامێك دروست بكەن و چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت.

سەرۆك بارزانی لەبارەی نائومێدیی چارەسەربوونی كێشەكانی كورد لە بەغدا دەڵێت، زۆر جار بیرمان كردووەتەوە لە بەغدا بكێشینەوە، چونكە ئێمە لەوێ داوای پۆست و كورسیمان نەكردووە، ئێمە داوای مافی گەلەكەمان كردووە، ئەگەر وای لێ هات بكێشینەوە، بە تەواوی دەكێشینەوە.

لەبارەی مەترسیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەڵێت، ئێستا مەترسییەكە كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا ماوە، بە تایبەتی ئەگەر میلیشیاكان ئامادە نەبن چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەن و هێرشی ئاسمانی لە عێراقەوە نەوەستێت.

سەرۆك بارزانی، هەتا هێزێك لە عێراقدا هەبێت كە لە دەرەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی عێراق بجووڵێتەوە، مەترسیی ئیسرائیلی لەسەر دەمێنێت.

لەبارەی غەزە سەرۆك بارزانی دەڵێت، هیوادارم ئەو كارەساتەی لەوێ ڕووی دا كۆتایی پێ بێت و ئەم ڕاگرتنی شەڕە بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە وەكوو هەرێمی كوردستان دوورین لەو بابەتەوە و بەشێك نین لە كێشەكە.

لەبارەی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و كاریگەرییان لەسەر ئێران، سەرۆك بارزانی دەڵێت، ئێرانییەكان زیرەكن و هیوادارم چارەسەرێكی ناوەند لە نێوانیاندا دروست ببێت و بەڕاستی چارەسەریش ببێت نەوەك وەك ڕابردوو لەم دۆخەدا هەڵواسراوەدا بێت.

سەرۆك بارزانی باسی سەردانەكەی سەرۆكی ئێران دەكات بۆ هەرێمی كوردستان و دەڵێت، ئێمە هەردووكمان لەدایكبووی شاری مەهابادین و هەمان ناومان هەیە، بە كوردییەكی جوان قسە دەكات و كەسێكی نەرم بوو، سەردانەكەی هیوابەخش بوو. پێم وایە هاتنی ئەو دەرفەتێكی باشە بۆ باشكردنی پێوەندیی كوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران.

سەرۆك بارزانی، لە داهاتوودا گەلی كورد هەر دەگات بە سەربەخۆیی، بەڵام هیوادارم لە هیچ كاتێكدا بۆ ئەم مافە پەنا بۆ توندوتیژی نەبەین.

پێوەندی ئێمە لەگەڵ توركیا باشە و هیوادارم ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتی لە ناوچەكەدا بەرهەم بهێنێت. ئێمە لە یەكتربینینە فەرمییەكاندا هەردەم لەسەر برایەتیی كورد و تورك سوور بووین، ئەمەش زمانێكی نوێیە لە توركیادا و پێشتر هەرگیز زمانێكی لەو جۆرە قەبووڵ دەنەكرا.

سەبارەت بەوەی چۆن عەقڵییەتی توركیا لە شەڕانگێزەوە بەرانبەر كورد گۆڕا، سەرۆك بارزانی گوتی، من بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2009 لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانم بیست كە ئەوان دەیانەوێت كێشەی كورد لە توركیادا چارەسەر بكەن.

سەرۆك بارزانی، ئێستا كورد لە ناوچەكەدا ژمارەیەكی قورسە و هەرگیز ناتوانن جارێكی تر پەراوێزمان بخەن، هەڵبەت ڕێگەكە گوڵڕێژ نییە.

سەرۆك بارزانی لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە گوتی: من مرۆڤێكی بڕوادارم و خوا فەرموویەتی من مرۆڤم لەسەر دوو ڕەگەز دروست كردووە كە نێر و مێیە، بۆیە بڕیاری ترەمپ لەو بارەیەوە، بڕیارێكی شەرەفمەندانەیە و گەڕانەوەیە بۆ ویستی خوا.

سەرۆك بارزانی لەبارەی هاتنەوەی داعش دەڵێت، ئەگەر بێنەوە، پێشمەرگە لە جاری پێشوو زیاتر ئامادەیە بۆ بەرەنگارییان. خۆشم هەتا بتوانم لەسەر پێیەكانم بڕۆم، پێشمەرگەی كوردستانم.

سەرۆك بارزانی پەیامێكی گشتی بۆ كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان دەنێرێت و دەڵێت، دەبێت بیرتان بێت ئێوە خاوەنی دۆزێكی پیرۆزن و كۆڵی لێ نەدەن، بەڵام ڕێگەی توندوتیژی مەگرنە بەر بۆ ئەو ڕێگەیەتان. لە كۆتاییدا كورد نزیك یان دوور یەك دەگرێت و وێڕای گرێكان، بڕوای تەواوم هەیە كە ئەو ڕۆژە دێت و هەموو هێزی خۆم بۆ یەكگرتوویی هەموو كورد تەرخان دەكەم.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.