ڕۆژى پێنجشەممە 23ى كانوونى دووهمى 2025، بە چاودێريی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانیی سنوورەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار و تیمی ئەندازیارانی پرۆژەكە، بەردی بناغەی گەورە پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی هەولێر - بەحركە داندرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، ئەویش پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر كە شەقامی 100 مەتری لە قۆناغی یەكەم بە شەقامی 120 مەتری دەبەستێتەوە، هەروەها قۆناغی دووەمیشی شەقامی 120 مەتری بە شەقامی 150 مەتری لە ڕێگەی بەحركە دەبەستێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە گوتیشی: ئەو شەقامە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكان كە دانیشتووانی پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بەكاری دەهێننن و كاراسانییەكی زۆر بۆ جووڵە و هاتوچۆی خەڵك دەكات هەم لە شەقامی بازنەیيی 150 مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و هەم لە شەقامی بازنەیيی 120 مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و بە پێچەوانەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە قۆناغەكانی پرۆژەكەش، گوتی: ئەو پرۆژەیە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەمی زیاتر لە كیلۆمەترێك و نیوە و قۆناغی دووەمیشی چوار كیلۆمەتر و نیو زیاترە و گوژمەكەشی ملیارێك و ٦٤٥ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و لە چوارچێوەی بەردەوامی پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەكانی حكومەت بەردەوامن لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، لە هەر كوێیەكیش پێویست بێت، فەرمانگەكانی حكومەت لەوێ كار دەكەن و خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمەكەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە پرۆژەكەش خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی كە لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا بەشدارن لە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر و ئاماژەی بەوەش كرد: ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان و هەولێر بە بەحركە دەبەستێتەوە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی كرد بۆ ئەو پرۆژەیە و جەختی كردەوە: ئەو شەقامە ڕۆژانە هاووڵاتییەكی زۆر بەكاری دەهێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.