دادگای باڵای ئێران، سزای لە سێدارەدانی ئەو کەسەی پەسەند کرد کە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجانی لە تاران ئەنجام دا.
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەسغەر جیهانگیر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە تاران ڕایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئێران، پەسەند کراوە.
گوتیشی: دوای بڕیارەکەی دادگا، دۆسیەی ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەند کرا و سزای (قیساس)ی ئەو کەسە درا.
جیهانگیر باسی لەوەیش کرد کە بەمەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکە بڕیارەکە ڕەوانەی دادگا کراوە و، لەگەڵ ڕەوامەندی خانەوادەی قوربانیەکە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات هیچ زانیارییەک لە بارەی ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ڕۆژی 27ی کانوونی دووەمی 2023دا، هێرشی چەکداری کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران و، بەهۆیەوە پاسەوانێکی باڵیۆزخانەکە گیانی لەدەستدا و دوو کارمەندی دیکەی ئاسایش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.