Erbil 5°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 23:46

دۆناڵد ترەمپ: گەلی رووسیام خۆشدەوێت و هەموو كارێك دەكەم بۆ راگرتنی جەنگی ئۆكڕاینا

100%

سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك نامانەوێ ئازاری رووسیا بدەین و بەپێچەوانەوە گەلی ئەو وڵاتەم خۆش دەوێت، جەختیشی كردبووەوە كە هەموو كارێك دەكەن بۆ راگرتنی جەنگی ئۆكڕاینا.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی خۆی بڵاوی كردۆتەوە دەڵێت: هەرگیز نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە رووسیا یارمەتیداین بۆ ئەوەی لە جەنگی جیهانی دووەم سەربكەوین كە لەو جەنگەدا 60 ملیۆن مرۆڤ لەناوچوون.

هەروەها دەڵێت: بەهۆی ئەمەوە خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە رووسیا و سەرۆك پووتین دەكەین كە بەداخەوە ئێستا لە دۆخێكی ئابووری خراپدان.

سەبارەت بە راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئۆكراینا، ترەمپ گوتی: خۆتان بەدەستەوە بدەن و ئیتر ئەو جەنگە بێ مانایە رابگرن، چونكە هەرگیز باش نابێت.

گوتیشی: ئەگەر من سەرۆكی ئەمەریكا بام هەرگیز ئەم شەڕە رووی نەدەدا. جەختیشی كردەوە كە ئێستا بە دوو رێگەی دەتوانێت ئەو جەنگە رابگرێت، رێگەیەكی ئاسان و رێگەیەكی زەحمەت، بەڵام هەردەم رێگە ئاسانەكە باشترە.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا كاتی رێككەوتن و راگرتنی یەكجاری جەنگ هاتووە، بۆ ئەوەی چیدیكە مرۆڤ نەبێتە قوربانی.

هەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا رایگەیاندبوو كە ئەوان ئامادەن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا سەبارەت بە جەنگی ئۆكڕاینا.

راشیگەیاندبوو كە پێشوازی لە دەستپێشخەری دۆناڵد ترەمپ دەكەن بۆ رێگریكردن لە روودانی جەنگی جیهانی سێیەم.

لای خۆشییەوە ڤۆلۆدێمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو كە ترەمپ دەتوانێت رۆلی یەكلاكەرەوە ببینێت لە راگرتنی جەنگ كە ماوەیەكی زۆرە درێژەی هەیە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.