Erbil 8°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 03:25

پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر خێراتر دەکرێت

کوردستان TV
100%


نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە ئێستاشدا نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی قەڵا و ژمارەیەك کۆڵان بەشێوەیەکی ستانداردی کەلەپووریی جیهانی، کە بۆ شوێنە مێژووییەکان دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییە و لە ئاییندەشدا چایخانەیەکی کولتووری، هۆتێل و چێشتخانەیەك لەسەر قەڵا دەکرێنەوە.

لەبارەی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا، ئەندازیار فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە وەکالەت ڕایگەیاند، تاکوو ئێستا 10 هەزار و 600 مەتر چوارگۆشە لە شەقامی سەرەکیی قەڵا و بەشێک لە کۆڵانەکان بەردڕێژ کراون و پڕۆسەکەش لە قۆناغی کۆتاییە، هەروەها گوتی: لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی حەمامی قەڵا دێت کە کۆنترین حەمامی هەولێرە و نۆژەکردنەوەی حەمامی قەڵاش لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پشتیوانیی دارایی دەکرێت.
"لە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی شەقام و بەشێک لە کۆڵانەکانی قەڵای هەولێر، کورسیی دانیشتن و ڕووناکی بۆ شەقامی قەڵا و کۆڵانەکان دابندرێن و ژمارەیەک دار بچێندرێن، هەروەها پلانیش هەیە لە کاتێکی نزیکدا گۆڕەپانی بەردەم دەرگای سەرەکیی قەڵا نۆژەن بکرێتەوە و بەردڕێژ بکرێت. هەروەها پلانیش هەیە کە خانووەکانی قەڵا نۆژەن بکرێنەوە و چایخانەیەکی کولتووری و چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بکرێن بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە دەرگای پێشوازی بەڕووی گەشتیاراندا بکاتەوە و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە جگە لە کردنەوەی لە ڕۆژ دا، بڕیار وایە شەوانیش دەرگای قەڵا بەڕووی گەشتیاران و سەردانیکەران بکرێتەوە."


قەڵای هەولێر لە 506 خانوو پێکهاتووە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014 لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لیستی کەلەپووری جیهانی دانراوە و وەك کۆنترین ناوچەی جیهان کە ژیانکردن تیایدا بەردەوامە ناسێندراوە.

بەگوێرەی سەرچاو مێژووییەکان، ماوەی شەش هەزار ساڵە ژیانکردن لە قەڵای هەولێر بەردەوامە، قەڵاکە دەکەوێتە ناو جەرگەی هەولێر و ڕووبەرەکەی 110 هەزار مەتردووجایە و کۆکەرەوەی شارستانییە کۆنەکانی مێژووە و ناوەندێکی سەرەکیی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە لە جیهان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.