Erbil 31°C دووشەممە 05 تشرینی یەکەم 13:45

عێراق.. نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری گرێبەست و کاتی دەکرێنە هەمیشەیی

100%

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد،  پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بە قەبارەی نزیکەی 200 ترلیۆن دینار ئامادە کراوە و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەگاتە پەرلەمان، هاوکات بڕیاری بەهەمیشەییکردنی نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری گرێبەست و کاتی تێدا جێگیر کراوە.

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2027) لە ئەنجومەنی وەزیران لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم بگاتە پەرلەمان، بەپێی داتاکانیش، قەبارەی گشتیی بودجەکە نزیکەی (200) ترلیۆن دینارە.

بەپێی زانیارییەکانی لیژنەکە، لە کۆی بودجەکە بڕی (150) ترلیۆن دینار بۆ خەرجییە بەردەوامەکانی وەک (مووچە و پێداویستییەکان) و (50) ترلیۆن دیناریش بۆ پڕۆژە و بەرنامەکانی گەشەپێدان تەرخان کراوە، هەروەها بودجەکە جەخت لەسەر فراوانکردنی "بودجەی بەرنامە و ئەدا" دەکاتەوە تاوەکو خەرجییەکان لەگەڵ ئامانج و ئەنجامەکاندا گرێ بدرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی داراییدا هاتووە کە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم بودجەیە، بەهەمیشەییکردنی نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری گرێبەست و کاتییە لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی عێراقدا، کە بەبێ مەرجی خزمەتی پێشوو دەخرێنە سەر میلاکی هەمیشەیی.

سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی، ئەندامانی لیژنەی دارایی ئاماژەیان بەوە داوە، پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجەکە بگاتە (65) ترلیۆن دینار. جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی گەیشتنی بودجەکە بە پەرلەمان، بە وردی پێداچوونەوە بۆ سەرچاوەی داهات، خەرجییەکان و نرخی نەوت دەکەن، هاوکات دڵنیایی دەدەن کە نەوت هێشتا سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە و مووچەی فەرمانبەرانیش پارێزراو دەبێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.