بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم شۆفێران کرد کە لە ڕێکەوتی 8ـی ئەم مانگەوە، وەرگرتنی بەشە بەنزینی 750 دیناری بە مەرجی بردن و هاوتایی ناوی سیانی دەبێت لە نێوان کارتی نیشتمانی و کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنیدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکدا سەرجەم شۆفێرانی ئاگادار کردەوە: لە کاتی وەرگرتنی بەشە بەنزینی 750 دیناریدا، پێویستە شۆفێران تەنیا (کارتی نیشتمانی) و (کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی) لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ وێستگەکانی سووتەمەنی.
لە ئاگادارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ناوی سیانی لە هەردوو کارتەکەدا هاوتا بێت، واتە وەک یەک بێت، هاوکات هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ناوی سیانی لە نێوان هەردوو کارتەکەدا هاوتا نەبێت، شۆفێر لە وەرگرتنی بەشە بەنزین بێبەش دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی (8ـی تشرینی یەکەمی 2026)ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.