Erbil 8°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 00:51

هیومەن رایتس وۆچ: ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە پاشەكشەدایە

100%

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) لە راپۆرتی ساڵی 2024 ئەوە ئاشكرا دەكات كە ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بەشێوەیەكی گشتی لە پاشەكشەدایە.

رێكخراوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە راپۆرتی ساڵانەی خۆی (بۆ ساڵی 2024) بڵاوكردۆتەوە، لە راپۆرتەكەدا لەبارەی عێراقەوە دەڵێت "حكوومەت و پەرلەمانی عێراق ساڵی پار ژمارەیەك یاسا و بڕیاریان دەركرد كە پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤ بوون یەكێك لەوان هەمواری یاسای باری كەسی بوو، هەروەها ژمارەیەك هەڵمەتی دەستگیركردن بۆ بیرورای جیاواز و كەسانی ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامدرا، كە هەموو ئەمانە بوونە هۆكاری ئەوەی عێراق لە ریزبەندی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ پاشەكشە بكات".

دەشڵێت "عێراق ساڵی رابردوو ژمارەیەكی زۆری فەرمانی لەسێدارەدانی جێبەجێ كرد، هەروەها چەندان بەڵگە هەن كە دەیسەلمێنن لە گرتووخانەكان بۆ دانپێدانان ئەشكەنجەی گیراوان دراوە، جگە لەوەش لە عێراق كاری نێردراوانی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی رێكخراوی داعشی راگیرا ئەمەش بووە جێی دڵگرانی قوربانییان".

رێكخراوی هیومەن رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەش دا كە عێراق بۆ ساڵی نوێ هەلێكی لەبەردەمە بۆ گۆڕانكاری و باشتركردنی دۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و پاراستنی ئەمن و ئاسایش لە وڵات.

راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە 546 لاپەڕە پێكهاتووە و تێیدا بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە 100 وڵات بۆ ساڵی 2024 خراوەتەڕوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.