Erbil 13°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 11:45

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچە ئەم بڕیارانە دران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کرد و ڕوونی کردەوە کە لەکۆبوونەوەکاندا جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرینگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە کرایەوە.  

لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران زانیاری لە بارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایەڕوو کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی خستبووەڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەک نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە، بۆیە حکوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵیی لە داهاتیی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

دواتر لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئیعتمادکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خستەڕوو، کە بەم هەنگاوەش کۆتایی بە بیانووی حکوومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد لە ئامادەکردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفی مووچەخۆران.

بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) کە قۆناخێکی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی ئامادە دەکرێت و بە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمڕووەوە چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت کە بەداخەوە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.