Erbil 28°C یەکشەممە 20 نیسان 13:40

هەولێر.. لە ساڵی رابردوودا 121 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 73 ملیار دینار جێبەجێكراون

کوردستان TV
100%


لە ساڵی ڕابردوودا لە سەنتەری شاری هەولێر، واتە تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردا جگە لە قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێر، بە گوژمەی (73،875،602،520)دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێكراون و زیاتر لە 146 هەزار دار و گوڵیش چاندراون.

بەپێی ڕاپۆرتێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر  كە بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نێردراوە، لە ساڵی 2024دا، لەسەر بودجەی 100% و 15%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بە گوژمەی (73،875،602،520)دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێكراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواوكراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.

سەبارەت بە بڕی قیری بەرهەمهاتوو لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، (15271) تۆن بەرهەمهاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكارهاتووە.

سەبارەت بە گرێبەستەكانیش، (1682) گرێبەست كراون و جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست.

هەروەها كۆی گشتیی گوژمەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر (18،561،048،000)دینار.

سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (91831) دار و (54859)گوڵ چاندراون و ڕێژەی سەوزاییش بۆ (20،15%) بەرزبووەتەوە. 

پرۆژەكان بەپێی بودجەی تەرخانكراو دابەشكراون كە لە كۆی پرۆژەكاندا، 64 پرۆژەیان لەسەر ڕێژەی 100% و 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێكراون. هەروەها لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێریش 35 پرۆژە جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار 4 پرۆژە جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی دارایی 1 پرۆژە جێبەجێكراوە، لەسەر داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر 17 پرۆژە جێبەجێكراون.


شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.