جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە ویلایەتی جۆرجیا کۆچی دوایی کرد.
سەنتەری کارتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جیمی کارتەر، 39یەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2002 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا، ڕۆژی یەکشەممە، 29ـی 12ی2024، لە شاری پلاینز لە ویلایەتی جۆرجیا بە شێوەیەکی ئاسایی کۆچی دوایی کرد .
کوڕەکەی چیپ کارتەر، دەڵێت: باوکم پاڵەوان بوو، نەک تەنها بۆ من، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ئاشتی و مافی مرۆڤ و خۆشەویستیی دوور لە خۆپەرستیی هەیە.
هەموو ئەو سەرۆکانەی ئێستەی ئەمەریکا کە لە ژیاندا ماون، لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیان، سەرەخۆشییان لە بنەماڵەکەی کرد و تێیدا ستایشی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکایان کرد.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کارتەر پیاوێکی خاوەن بنەما، باوەڕ و خۆنەویست بوو.
گوتیشی: پرسەی فەرمی بۆ مردووەکە لە واشنتنی پایتەختی فیدراڵی بەڕێوە دەچێت.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، خوالێخۆشبوو "هەموو ئەوەی لە توانایدا بوو کردی، بۆ باشترکردنی ژیانی هەموو ئەمەریکییەکان. لەبەر ئەوەش هەموومان قەرزار و سوپاسگوزارین.
بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، گوتی: سەرۆکی کۆچکردوو تا دوا ساتەکانی ژیانی بۆ خزمەتکردنی کەسانی دیکە ژیاوە." لەکاتێکدا سەرۆکی پێش خۆی، جۆرج بوش، دەڵێت: میراتی کارتەر، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ئەمەریکییەکان و نەوەکانی داهاتوو.
هەروەها باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا ماتەمینی بۆ سەرۆکی پێشووی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، کۆچکردوو،هەموومانی فێری، ژیانێکی پڕ لە نیعمەت و کەرامەت و دادپەروەری و خزمەتکردن کرد.
کارتەر، بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە لە ژیاندا مابوو، لە ساڵی 1977 بووە بە سەرۆکی ئەمەریکا تا ساڵی 1981 و لە ساڵی 2015دا دیموکراتەکان ڕایانگەیاند، تووشی شێرپەنجەیی مێشک بووە.
لای خۆیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک جۆو بایدن بڕیاری دا کە 9ـی لانوونی دووەمی 2025 داهاتوو وەک ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانیی دیاریکرد وەک ڕێزێک بۆ جیمی کارتەر.
لە فەرمانەکەدا کە سەرۆکایەتیی کۆمار لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، بایدن دەڵێت داوا لە گەلی ئەمەریکا دەکەم لەم ڕۆژەدا لە پەرستگەکان کۆ ببنەوە بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرۆک جەیمس ئێرل کارتەر، جونیۆر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.