دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ڕژێم، ڕووسیا دەستی بە کشاندنەوەی ھێزەکانی لە شارەکانی سووریا کردووە بۆ بنکەی ئاسمانیی حمێمیم ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.
ڕووسیا بەردەوامە لە کشاندنەوەی ھێزەکانی کە پێشتر لە سەرتاسەری سووریا جێگیری کردوون، لەنێویاندا دیمەشق، حومس و شارەکانی دیکە بۆ بنکەی ئاسمانیی حمێمیم ڕۆژئاوای سووریا.
بەپێی ئەوەی چاودێری کراوە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕووسیا کە لە شارەکانی سووریا کشاونەتەوە، چوونەتە ناو بنکەی ئاسمانیی حمێمیم.
ھەروەھا چاودێری ئەوە کراوە کە فڕۆکەیەکی بارھەڵگری ڕووسیا، بە ئامانجی گواستنەوەی کەلوپە سەربازییەکان لە بنکەی حمێمیم نیشتووەتەوە.
بنکەی حمێمیم کە سەربازانی ڕووسیای تیایدا جێگیرکراون، ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و کەلوپەلی سەربازیی گرنگ تیایدایە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە ژمارەیەک دیپلۆماتكاری ڕووسیا، بیلاڕووس و کۆریای باکوور کە لە سووریا بوون لە ڕێگای بنکەی حمێمیم گواستراونەتەوە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدابوو کە ھێشتا باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق بەشێوەیەکی ئاسایی، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.