Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 15:06

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە

کوردستان TV
100%


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر پێدەرسن لەگەڵ سەرۆکی تەحریر شام، ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دوایین پێشهاتەکانی سووریای تاوتوێ کرد.

بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرچاوەکانی حکوومەتی کاتیی لە سووریا بڵاوکراوەتەوە پێدەرسن دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بۆ یەکەمجار سەردانی دیمەشقی کردووە و، لەگەڵ سەرۆکی تەحریر شام شەرع کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شەرع بە پێویستی زانیوە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی نوێ بکرێتەوە و لەگەڵ ڕاستییەکانی ئێستای وڵاتدا بگونجێندرێت.

شەرع باسی لەوە کرد کە پێویست بە هاریکارییەکی خێرا و کاریگەر هەیە بۆ تاوتوێ کردنی کێشەی سوورییەکان و، پێویستە تیشک بخرێتە سەر یەکپارچەیی خاک، سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و دەستەبەرکردنی گەشەپێدانی ئابووریی سووریا.

هەروەها شەرع داوای کرد دەستەبەری ژینگەیەکی گونجاو بکرێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بەشێوەیەکی سەلامەت و پشتیوانی ئابووریی و سیاسیی لەم پرۆسانە بکرێت.

سەرۆکی تەحریر شام شەرع ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە ئەم هەنگاوانە بەبێ پەلە کردن و زۆر بە وردی لە ژێر چاودێری تیمە شارەزاکاندا ئەنجام بدرێن.

بڕیاری ژمارە2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە لە کانوونی یەکەمی 2015دا دەرکرا، پێشنیار دەکات لە دەرەنجامی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم حکوومەتێکی کاتیی دابمەزرێت، بەپێی ئەوەیش دانوستانەکان لە ماوەی شەش مانگدا تەواو ببن و، حکوومەتی ڕاگوزەر پێکبێت، پێویستە حکوومەتی نوێ لە ماوەی 12 مانگدا دەستوورێک ئامادە بکات و وڵات بەرەو هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ببات.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.