وەزارەتی دادی ئەمریکا، دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" لە سووریا، تۆمەتبار کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ھەریەک لە سەرۆکی پێشووی کارگێڕیی ھەواڵگریی ئاسمانیی سووریا، جەمیل حەسەن و سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە سەربە ھەواڵگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، عەبدولسەلام مەحمود لەلایەن وەزارتی دادی ئەمریکا بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" لە سووریا تۆمەتبار کراون.
ڕاشیگەیاندووە کە پێشتر جەمیل حەسەن و عەبدولسەلام مەحمود سەرپەرشتی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە فڕۆکەخانەی سەربازیی میزە لە دیمەشق کردووە، ھەروەھا لەوێ سەرپەشتی ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو دوو تومەتبارە لە ساڵانی نێوان 2012 و 2019، ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە یارمەتیدەر یان پاڵپشتیکاری نەیارانی ڕژێمی سووریا بوون و ئەشکەنجەیان داون.
ھەروەھا ئەوەشی خستووەتەڕوو: پێشتر جەمیل حەسەن و عەبدولسەلام مەحمود زیندانیکراوەکان لە گرتووخانەکاندا بەدەست ھەڵواسیوە و بە تیزاب دەیانسووتاندن، ھەروەھا دەستگیرکراوەکانیان ناچار دەکرد کە گوێ لە ھاواری ئەشکەنجەدان بگرن و لەگەڵ تەرمی مردووەکاندا لە ژوورەکەدا بمێننەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: لەبەر ئەوە ھەریەک لە سەرۆکی پێشووی کارگێڕیی ھەواڵگریی ئاسمانیی سووریا، جەمیل حەسەن و سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە سەربە ھەواڵگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، عەبدولسەلام مەحمود، بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سووریا، تۆمەتبارن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.